وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق: هاوردەكردنی مریشكی بەستوو قەدەغە دەكرێت

13/01/2026
فۆتۆ: 

وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، نرخی سەوزە لە بازاڕەكانی ناوخۆ جێگیرە و بەرز نەبووەتەوە و هاوردەكردنی مریشكی بەستووش قەدەغە دەكرێت.

زیاد تارق بەڕێوەبەری بەشی چاودێری نرخەكان لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، نرخی سەوزەكان لە بازاڕەكانی ناوخۆ جێگیرە و هیچ بەرزبوونەوەیەكی بەخۆوە نەبینیوە، بەتایبەتیش سەوزە سەرەكییەكان، بەردەوامیش چاودێری بازاڕ دەكەن بۆ گرەنتیكردنی بەردەوامیی سەقامگیری نرخ و لە ئێستاشدا لە گفتوگۆدان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردن لە ناردنی بەرهەمی تەماتە لە هەرێمەوە بۆ ناوچەكانی تری عیراق، چونكە بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی تەماتە لە هەردوو پارێزگای بەسرە و كەربەلا، گەیشتوونەتە خود بژێوی و پێویستیان بە بەرهەمی تەماتەی هەرێم نییە.

لەبارەی هاوردەكردنی مریشكیش دەڵێت، ئەنجومەنی وزاری ئابوری داواكارییەكی داوەتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رێگیركردن لە هاوردەكردنی مریشكی بەستوو لە دەرەوە، بڕیاریشە رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی داواكارییەكە بكات و لە ئەگەری پەسەندكردنیشیدا دەبێتە بڕیار و رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت، هۆكاری ئەو هەنگاوەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە بەرهەمهێنانی ناوخۆ لە مریشك پێداویستی بازار پڕ دەكاتەوە.