رۆیتەرز: گرووپە چەکدارە جوداخوازە کوردەكان لە عێراق و توركیاوە چوونەتە ئێرانەوە
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردووەتەوە، گرووپە چەکدارە جوداخوازە کوردییەکان هەوڵیانداوە لە عێراقەوە سنور ببەزێنن بۆ ناو ئێران، لە ئاماژەیەكدا بۆ هەوڵی لایەنە بیانیەكان كە رەنگە بە دوای قۆستنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندابن، ئەوەش دواى چەند ڕۆژێک لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەكان دژی تاران.
ئەو سێ سەرچاوەیه كە لەنێویاندا بەرپرسێکی باڵای ئێرانی هەیە، رایانگەیاندووه: دەزگای هەواڵگری تورکیا له چەند رۆژی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێرانی لەبارەی ئەو سنور بەزاندنه لەلایەن چەکداره کوردەكانەوە ئاگادار کردووەتەوه .
بەرپرسەكەی ئێران وتویەتی: روبەڕوبونەوەی چەكداری لەنێوان سوپای پاسداران و چەکداره کوردەكان روویداوە، كە بەوتەی ئەو هەوڵ دەدەن نا ئارامی دروست بکەن و ناڕەزایەتییەکان بقۆزنەوه. سوپای پاسداران هێزێکی دەستەبژێرە کە شەپۆلەکانی پێشوی نائارامییەکانی ئێرانی سەرکوت کردووە.
رێکخراوی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەدا، هەروەها سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاش لە ئەنكەرە هیچ لێدوانێکی نەدا، تورکیا کە چەکدارە کوردەکان لە باکووری عێراق بە تیرۆریست دەزانێ، لە چەند رۆژی رابردوودا هۆشداری دا هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە ئێران قەیرانەکانی ناوچەکە بەرەو هەڵکشان دەبات.
ئەو بەرپرسه ئێرانییه رایگەیاندووە: ئەو چەکدارانه له عێراق و تورکیاوه رەوانه کراون، تاران داوای لەو وڵاتانه کردووه رێگە لە هاتنی چەكداران و چەك بۆ ئێران بگرن.
گروپێكی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، لە هەڵمەتەكانی سەركوتكردنی چەند رۆژی رابردووی ئێران دوو هەزارو 600 کەس کوژراون، کە لەلایەن ئەمریکاوە هاندەدرێن و هەڕەشەی دەستوەردانیش دەكات.
|