ترەمپ زەنگی کەوتی ئێرانی لێدا

15/01/2026
فۆتۆ: 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا زەنگی کەوتنی حکومەتی ئێران لێدەدات و دەڵێت، " رەنگە حکومەتی ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە بکەوێت، چونکە بەو هۆیەوە هەموو حکومەتێک ئەگەری شکستی زۆرە، نەک سەرکەوتن".

ئایا ڕەزا پەهلەوی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، پشتیوانیی پێویست لە ناوخۆی ئێران بەدەستدەهێنێت بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە یان نا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، رایگەیاند، "نازانم لە وڵاتەکەیدا چۆن ڕەفتار دەکات. نازانم گەلەکەی سەرکردایەتییەکەی قبوڵ دەکەن یان نا، بەڵام ئەگەر قبوڵیان کرد، ئەوە بۆ منیش جێگەی قبوڵە".

ئەوەشی راگەریاند، "پێموتراوە کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران وەستاوە و لەسێدارەدان ئەنجام نادرێت، هیوادارین زانیارییەکان سەبارەت بە وەستانی کوشتن لە ئێران ڕاست بن، ئەگەر کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران نەوەستێت، ئەوا ئێمە زۆر تووڕە دەبین".

لە وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرایکرد، "دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ پلانێکیان نییە بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، ئەوەش لە سایەی ئەو ناڕەزایەتییانەی چەند ڕۆژێکە لە ئێران سەریان هەڵداوە و بوونەتە هۆی قوربانی".

عێراقچی ئەوەشی روونکردەوە،  "هیچ پلانێک بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەڕێگەی هەڵواسینەوە نییە، لەسێدارەدان بە تەواوی ڕەتکراوەیە".

ئەوەشی راگەیاند، "خۆپیشاندانە ئاشتییخوازە بەردەوامەکان لە ئێران دە ڕۆژ ناڕەزایەتی بوو دژی سەختییە ئابوورییەکان، پێش ئەوەی سێ ڕۆژ توندوتیژی بەدوادا بێت کە ئیسرائیل پلانی بۆ دانابوو، لە ئێستادا ئارامی گەڕاوەتەوە ".