وەزارەتی دارایی هەرێم وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاراستەی کران

15/01/2026
فۆتۆ: 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەو قسانەی لە پەرلەمانی عێراق دەربارەی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنورییەکانی هەرێم کراوە و لە رونکردنەوەیەکدا دەڵێت، " لە هەموو وڵاتێک وەرزی گومرگی هەیە کە بەپێی کات و مانگ و بەپێی وەرزی پێویستی کاڵا لە ناوخۆ داهاتی گومرگی ڕوو لە نزم بوونەوە و دواتر بەرزبوونەوە دەکات".

دەقی رونکردنەوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان:

ڕۆژی ١١ ی ئەم مانگە لە میانەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق تیایدا میوانداری کرابوو، دوور لە هەموو عورفێکی یاسایی و ئیداری بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز عومەر وائیلی هۆکاری کەمی داھاتی دەروازەکانی عێراقی خستووەتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک تۆمەت و قسەی بێ بنەمای لەسەر گومرگ و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و  لەدەرەوەی سنوور و بەرپرسیارێتی خۆی قسەی لەسەر بابەتی مووچە و نەوت کردووە،  بەپێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامی بدەینەوە هەتاکو نەتوانن ڕای گشتی و دەسەڵاتی یاسادانان چەواشە بکەن.

١- سەبارە بە دابەزینی داهات لە دەروازە سنوورییەکانی حکومەتی فیدراڵ، بەپێی وتەی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەگەر ئەو پاشەکشەیە راست بێت  بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە:

ڕ - گەندەڵی ئیداری و دارایی کە خۆیان لە ڕابردوودا بە ئاشکرا ئاماژەیان بە نەبوونی دەسەڵاتی حکومەت کردووە لە بەشێک لەو دەروازانە.

ب- دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ قاچاخچیەکان و بەشێک لەسەرۆک هۆزەکان لە خاڵە سنووریەکان بۆ هێنانە ناوەوەی کاڵا و شمەک دوور لە گومرگی فەرمی و پێناسی گومرگی.

ج - قەبارەی ئەو تەرکیاتانەی کە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆ بارهەڵگرەکان دەکرێت ئاماژەیە بۆ بوونی گەندەڵییەکی ڕێکخراو.

د -پێشتر لە دەروازە سنووریەکانی حکومەتی فیدڕاڵ گومرگ کردنی کاڵا بە کۆنتێنەر بووە واتە بە شێوەی گۆترە هەرچی لە کۆنتێنەرەکە هەیە بڕێکی دیاریکراوی پارە و گومرگێکی کەمی لێ وەردەگیرا کەچی ئێستا کە بە سیستەم و پێناسەی راستەقینە جێبەجێ دەکرێت و گومرگی بەشێک لە کاڵا و کەل و پەلەکان زیاتر لە سی هێندە زیاد بووە لە کاتێکدا پێویستە ئەو جۆرە بڕیارانە بە بەرنامە و قۆناغ بە قۆناغ بێت.

ە - لە هەموو وڵاتێک وەرزی گومرگی هەیە کە بەپێی کات و مانگ و بەپێی وەرزی پێویستی کاڵا لە ناوخۆ داھاتی گومرگی ڕوو لە نزم بوونەوە و دواتر بەرزبوونەوە دەکات.

هەرچەندە ئەو وتانەی ناوبراو پێچەوانەی لێدوان و چاوپێکەوتنەکانی پێشتریەتی کە ئاماژەی بۆ زیادبوونی داهاتیان کردووە بە ڕێژەی لە ( ١٠٠ ٪ ) ، هۆکاری ئەم زیادبوونەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گومرگ کردن بە حاویە ( کۆنتێنەر ) کە ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ گواستنەوەی لە ( ٥٠٪ تا ٦٠ ٪ ) جموجووڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا.

٢-سەبارەت بەهاوردەکردنی ھەر کەل و پەل و کاڵایەک کە لە دەروازە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵەوە نایەتە ناوەوە و دواتر لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە دێتە ناوەوە، ئەوە تۆمەتێکی بێ بنەمایە و بگرە پێچەوانەکەی لای ئێمە سەلمێنراوە، کە چەندین کاڵا و پێداویستی کە هاتنە ناوەوەیان لە دەروازەکانی هەرێم قەدەغەکراوە بەڵام لەدەروازەکانی عێراق بەئاسانی دێتە ناوەوە و بەقاچاخ دەیهێننەوە هەرێمی کوردستان.

ئەگەر هەر کاڵا و کەل و پەلێک لەدەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێتە ناوەوە بەهۆی جیاوازی پێناسی گومرگی کەلە هەرێم کەمتر بێت، لەبەرامبەردا نووسینگە گومرگییەکانی بازگەکانی حکومەتی فیدراڵ جیاوازی پێناسە گومرگیەکەی لێ وەردەگرن، ئەو کاتەش زەرەرمەندی سەرەکی بازرگانان دەبن کە ئەوەش پێچەوانەی وتەکانی بەرپرسانی دەروازە سنوورییەکانی عێراقە.

٣-لەسەر بابەتی یەکخستنی پێناسی گومرگی چەندین جار داوامان کردووە و ئامادە بووین بەلیژنە ئەو بابەتە چارەسەر بکەین، بەڵام حکومەتی فیدراڵی لەو بابەتەش جدی نەبوون و نەهاتوونەتە پێش، کە ئەوەش بنەمایەکە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) یان هەر سیستەمێکی هاوبەش کە لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت، لە ڕووی هونەرییشەوە ناکرێت دوو پێناسەی گومرگی جیاواز هەبێت لە ژێر چەتری یەک سیستەمدا،  پێشمان وایە جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) هاوشێوەی پێناسەی گومرگی پێویستی بەگفتوگۆی دوولایەنە هەیە بۆ گەیشتن بەچوارچێوەیەکی کارکردنی هاوبەش لەو بوارەدا.

٤-سەبارەت بەفەرمی ناساندنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بەهەمان شێوە چەندین جار داواکراوە لەحکومەتی فیدراڵ و دووپاتی دەکەینەوە چۆن پێشتر هاوکاری لیژنە و تیمەکانیان بووین بۆ ناساندن و دانپێدانانی ئەو دەروازانەی کە بەفەرمی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە نەناسێنراون، هەرچەندە ئەوەی ئێوە پێی ئەڵێن نافەرمی لای حکومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتی تورکیا فەرمین و دانپیانراون و سەرجەم ڕێکارەکانیان بڕیووە.

٥-لەچەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دەرگای دەروازە و گومرگ و خاڵە سنوورییەکانمان بەڕووی تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە بووە و لەدوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەشێوەی مەیدانی ئەو تیمانە سەردانی دەروازە سنووریەکانیان کردووە و وردبینییان لەسەرجەم داتا و زانیارییەکانی تایبەت بەداھاتەکان کردووە، هاوکات مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە وردەکاری سەرجەم داھاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ خراوەتە ڕوو.

بەڵام حکومەتی فیدراڵ بەردەوام کاری لەسەر دروستکردنی کێشە و ئاستەنگی نوێ کردووە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان، کە خۆی دەبینێتەوە لە دانانی نووسینگەی گومرگی لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەناوەکانی ( ئەلسەد ، چیمەن ، دارەمان )، ئەوەش لە کاتێکدایە لەهیچ وڵاتێکی دنیا نییە لەسەر ڕێگای جووڵەی بازرگانی دەروازەی سنووری و گومرگی تر هەبێت کاڵا و شمەکێکی هاوردەکراو دووجار گومرگ بکرێت، لە دەستوور و یاسای هیچ وڵاتێکیشدا ڕێگە بەو بابەتە نەدراوە، ئەوەش وایکردووە کە چەندین ئاستەنگ و کێشە بۆ هاتووچۆ و جموجوڵی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دروست ببێت ، چونکە لەو نووسینگە گومرگییانە زۆر کات تەنانەت ئەگەر کەل و پەل و کاڵای بازرگانان بەهەمان ڕێژە و بەهای پێناسەی گومرگی عێراق گومرگ کرابێت، بەشێوازی جیا جیا پارەیان لێ وەردەگیرێت و ناچار دەکرێن ڕێڕەوی هاوردەکردنی کەل و پەل و کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم و گەنجینەکانیان بگوازنەوە بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەمبارەیەوە ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم شایەتی ئەو بابەتەن بە داتاو زانیاری ورد، تا ئەو نووسینگانە دانەنرابوو داهاتی گومرگ و خاڵەسنوورییەکانی هەرێم زۆر لە ئێستا زیاتر بوو، پێشمان وایە دانانی ئەو نووسینگانە سەرچاوەیەکی سەرەکی گەندەڵی دارایی و ئیدارییە  کە بوونەتە بەشێک لە گەندەڵی گومرگی و سەرچاوەی وەرگرتنی بەرتیل.

هەر لە وتەکانیدا لەبەردەم پەرلەمانتاران سەرۆکی دەروازە سنورییەکانی عێراق باس لەچەند پرسێک دەکات وەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتی نەوتی بەسرە، بەبیر جەنابیان دێنینەوە ناردنی پشکی ھەرێم لە بوودجەی عێراق بە یاسا و دەستوور سەلمێنراوە نەک خێر و بەخشین بێت ، ئەوەش لەکاتێکدایە سەرەڕای جێبەجێکردنی ھەموو پابەندییەکان لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بەڵام حکومەتی فیدراڵ ماوەی ١٢ ساڵە فشارێکی بەردەوامی خستووەتە سەر قووت و مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەکاتی سەرھەڵدانی شەڕی داعش مووچەی ھەرێمتان بڕی، لەکاتێکدا پێشمەرگە شەڕی داعشی دەکرد و مووچەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعشتان بە کۆپتەر دەنارد بەبێ ئەوەی یەک ڕۆژیش دوای بخەن، لەکاتی سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە وڵاتان ھاوکارییان بۆ یەکتر دەنارد بەڵام دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ ڕێک لەوکاتەدا کەنرخی نەوت دابەزیبوو جووڵەی بازرگانی و داھاتی ناوخۆ سفربوو مووچەی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتی ھەرێمی بڕی ، تەنھا لە ٧ ساڵی ڕابردوودا لە کۆی نزیکەی ٩٤ ترلیۆن دینار کە پشکی ھەرێم بووە تەنھا ٣٣ ترلیۆنتان بۆ ھەرێم ناردووە کە دەکاتە مووچەی سێ ساڵی ھەرێمی کوردستان، لە ١٢ ساڵی  ڕابردوو بەبیانووی سیاسی  ھەر ساڵێک مووچەی  چەند مانگێکی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانتان نەناردووە، ساڵانی (٢٠١٦-٢٠١٧) ھیچ مووچە و ھیچ پارەیەکتان بۆ ھەرێم نەناردووە و نەجەنابتان و نەڕای گشتی نەیزانی ئەو پارانە چیان لێ ھات.

باسی داھاتی نەوتی بەسرە دەکەن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ، دەوڵەتی عێراق لەسەر نەوتی کەرکوک  دامەزراوە کە نەوتی کوردستانە، ئەگەر حکومەتێکی ڕەشید و دادپەروەر ھەبووایە پێویست بوو قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو تاوانانە بکرایەتەوە کە  حکومەت و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامیان داوە، لەوانە ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تەبعیس.

نەک وەک ئەوەی بەرپرسی دەروازە سنوورییەکانی عیراق بە چەواشەکارییەوە دەڵێت ھەرێمی کوردستان سوودمەندبووە لە داھاتی نەوتی بەسرە، جێی خۆیەتی بەبیریان بھێنینەوە کاتێک دەوڵەتی عیراق لەسەر نەوتی کەرکوک و کوردستان دەژیا نەوتی بەسڕە ھەر بوونی نەبوو، ئێستا کێ قەرزاری کێیە!؟

ئەوکاتەی ھەرێمی کوردستان بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی  دەفرۆشت و بۆ ماوەی ٢١ مانگ توانی بەبێ بەغداد مووچە بدات و ئیدارەی خەرجی و پێداویستییەکانی خۆی بدات، ئەوە  دەسەڵاتدارانی عێراق بوون چاویان بەو پێشکەوتنانەی ھەرێم ھەڵنەھات و لەڕێی سکاڵاوە فرۆشتنی نەوتی ھەرێمیان ڕاگرت، لەھەر ڕێگایەک بۆیان گونجابێت درێغییان نەکردووە بۆ لێدان لە ئابووری ھەرێمی کوردستان وخەڵکەکەی، پشکی ھەرێمتان لە ١٧٪ کرد بە١٢،٦٧ ٪ لەکاتێکدا بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان لە ١٤٪ بوو، دوای سەرژمێریش ١٤،١ ٪ .

ناکرێت پرسی مووچەی ھەرێم کە مافێکی یاسایی و دەستووری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانە ببێتە ئەو بابەتەی بۆ ھەر کێشە و قەیرانێکی ئیداری و دارایی خۆیان بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ پەنای بۆ ببەن و بیانەوێت شکستەکانی خۆیانی پێ دابپۆشن، نازانین چ بابەتێک ھەیە مووچەی ھەرێم بە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقەوە ببەستێتەوە ، ئەگەر دابەزینی داھات بخەنە ئەستۆی ھەرێم ، ئەی دزی سەدە و دەستکاری پارەی سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی کێ لێی بەرپرسە !.

پرسی شەفافیەتی داھاتی گومرگ و دەروازە سنورییەکانی ھەرێمی کوردستان بابەتێکی جێی مزایەدە نییە و ورد و درشتی داھاتی گومرگ و دەروازەکانی ھەرێم لەبەردەست وەزارەتی دارایی عێراقدایە ،ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی وتەی وەزیری پێشووی دارایی عێراق کە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ( ٩٠٪ ) داھاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

لەکۆتایدا ئامادەیی خۆمان بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە دووپات دەکەینەوە و جەختیش دەکەینەوە لەلایەن ھەر کەس و لایەن و بەرپرسێکەوە تۆمەتبار بکرێین بە مافی خۆمانی دەزانین  ڕێکاری یاسایی بگرینەبەر.
وەزارەتی دارایی و ئابووری