سودانی: خوێندنەوەی پێشوەختەمان بۆ دۆخی ناوچەکە هەبوو، ئەمەش وایکرد پلانی پاراستنی سنوورەکان جێبەجێ بکەین

23/01/2026
فۆتۆ: 

سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنیی سووریا و مەترسیی شکاندنی زیندانەکانیان کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی، محەممەد شیاع سودانی، پێشوازیی لە ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمنیی سووریا، بەتایبەتی ناوچەکانی دەوروبەری ئەو زیندانانەی چەکدارانی پێشووی داعشیان تێدایە تاوتوێ کراوە، کە بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەریان و دەرچوونی زیندانییەکانیان لەسەرە، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە ناوبرا.

هەروەها "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووەتەوە، بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان بەپێی خشتەی دیاریکراو و فەراهەمکردنی زەمینەی لۆجستی و هونەری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان."

محەمەد شیاع سودانی ستایشی رۆڵی ئەدمیراڵ کوپەری کردووە، "لە تەواوکردنی رێکارەکانی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و رادەستکردنەوەی بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد بە هێزە عێراقییەکان، هەروەها ئەو پاڵپشتییەی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆر پێشکەشی عێراقیان کردووە."

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "سەرکردایەتیی عێراق خوێندنەوەی پێشوەختەی بۆ دۆخی ناوچەکە هەبوو، ئەمەش وایکردووە حکومەت پلانی پێشوەختە بۆ پاراستنی سنوورەکانی عێراق و تووندوتۆڵکردنیان بە شێوازی نوێ جێبەجێ بکات، هاوکات گەڕاندنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە عێراقییەکان لە کەمپەکانەوە."

لەلایەن خۆیەوە، ئەدمیراڵ کوپەر ستایشی رۆڵی عێراقی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە و بەناوی هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سوپاسی ئەو هەنگاوە ئەمنییەی عێراقی کرد بۆ "پێشوازیکردن و وەرگرتنی دەستگیرکراوانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش."

جەختیشیکردەوە لەسەر ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجستی و تەکنیکی بۆ عێراق و بەردەوامیی هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و هاوپەیمانی لە ئاستە بەرزەکاندا.