عوسمانی حاجی مەحمود: هێرش و پەلاماری پڕ ئازاری رۆژئاوای کوردستان دەرس و ئەزمونێكی نوێ و گرنگی پێبەخشین

24/01/2026
فۆتۆ: 

عوسمانی حاجی مەحمود، كەسایەتی سیاسی دیاری كوردستان لە پەیامێكدا دەڵێت، پشتیوانییەكانی ڕۆژئاوای کوردستان بەو شێوە فراوانە، پەیامی خۆی گەیاندە وڵاتان و دەزگا و دامەزراوە جیهانییەکان، کە تا ئێستا واقیعی فەرزكراوی رێككەوتنی سایسبیكۆ قبوڵكراو نییە و قوبوڵی ئەوەش ناكرێت وەك رابردوو بكرێینە كارتی گوشار و چاو لەئاستی مافەكانی ئەم گەلە دابخرێت.

دەقی پەیامەکە..

دۆخی هێرش و پەلامار دانی پر ئازاری ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو  كە بەسەر رۆژئاوای کوردستان هێنرا دەرس و ئەزمونێكی نوێ و گرنگی پێبەخشین، رووداوەكان سەلماندیان كە گەلی كورد لەهیچ پارچەیەكی ئەم نیشتمانە لە بارودۆخێکی سەقامگیر و ئارامدا نییە و مەترسیەکان بۆ سەر هەر پارچەیەک وەکو بەشێک لە ڕووداوە کارەساتبار و تراژیدیەکانی مێژووی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان بەردەوامن. زەمەن و ڕووداوەکان گەواهیدەری ئەوەن هەرکات دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە هەلیان بۆ بڕەخسێت لەسەر هەمان ئەقڵیەتی قبووڵ نەکردن و سڕینەوە بەردەوامن.
   رووداوە خێراكان  پێوتین چۆن لە چركەساتێكدا دەكرێت زۆرشت بگۆرێت و دەرگای هەموو ئەگەرەكان بەرووی ئەم نەتەوەبەشمەینەتەدا بكرێتەوە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا ئەو سەرمایە مرۆییە نەتەوەیی و نیشتمانییە مەزنەی نیشاندایین، كە چەند  دڵسۆزو بەئیرادەن،  چەند بەهەست و ئامادەن لەبەرامبەر پرسە ڕەوا و هەستیارەكانی گەلەكەمان، یەكگرتوویی ئەم چەند رۆژەی كوردانی هەموو پارچەكان و هەندەران پەیامێكی زۆر بەبایەخی  تیابەدیكرا، پەیامێك كە هەقە شوكهێنەربێت بۆ دەستەبژیری سیاسی و حوكمرانی و حیزبی، مرۆڤ كاتێك ئەو جۆش و خرۆشە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەوشێوە فراوانە مەدەنیانە ئەبینێت، كاتێك ئامادەیە بۆ دەستدانە چەك و كاری خۆبەشی، بۆ بەخشین و بەدەنگەوەهاتن، ئەو ڕاستییەی لا چەند بارە دەبێتەوە كە كومەڵگەی ئێمە سەرباری ئەو دۆخەی لەناوەوە و دەرەوە بۆی دروست كراوە بەڵام هێشتا زیندوە و بەئاگایە، لە هەموو قۆناغەسەختەكانیشدا هەمیشە دڵنیابووم لەوەی کە گەلەکەمان هیچی لە گەلانی تر کەمتر نییە و گەلێکی نیشتیمان پەرەوەرە، وە لە پێناوی نەتەوە و نیشتیماندا خەبات و فیداکاری زۆری کردووەو قوربانی زۆری داوە، سەرسەختانە بە بەردەوامی ئامادەی قوربانیدان بووە، بەڵام بەهۆی خواروخێچی و خراپی ئەو ئەقڵیەت و فۆرمەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرتویانەتە بەر، وە پەرەسەندنی گەندەڵی و قۆرغكاری و بێباكی بەشی زۆری کۆمەڵانی خەڵک لەم جۆرە فۆرمی حوکمڕانی و حزبایەتییە ماندو و بێزار و بێمتمانە بوون، بەڵام ئەمە نەبوەتە هۆی کۆڵدان لە جێبەجێکردنی ئەرکی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەرییان. 
   پشتیوانییەكانی ڕۆژئاوای کوردستان بەو شێوە فراوانە، پەیامی خۆی گەیاندە وڵاتان و دەزگا و دامەزراوە جیهانییەکان، کە تا ئێستا واقیعی فەرزكراوی رێككەوتنی سایسبیكۆ قبوڵكراو نییە و قوبوڵی ئەوەش ناكرێت وەك رابردوو بكرێینە كارتی گوشار و چاو لەئاستی مافەكانی ئەم گەلە دابخرێت، پەیامی ئەم دەنگە زوڵاڵە بۆ پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانیشە کە پێیان دەڵین پێویستە هەڵوێستێکی جدی و سەرڕاستانە بکرێت و ئاوڕێکی بەرپرسیارانە لە دۆخی کوردستان و دەوربەری خۆتان بدەنەوە، واتە ئەو دۆخەی كەئەمرۆ لەڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت، مەترسی و ئەگەری هەیە لەهەرپارچەیەكی تری ئەم نیشتمانە دوبارە بێتەوە، بۆیە  تا کار لە کارنەترازاوە، پێویستە بگەرێنەوە بۆ پابەند بوون بە بنەمای نیشتیمانی و نەتەوەییەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەبەرچاوبگیرێت،  بە جۆرێکی وا  كە لەلایەن هیچ حیزب،  هێزێك، لایەن  و کەسێکەوە نەبەزێنرێت، سەروەری هەرێم و تێكۆشان بۆ گەرانەوەی كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم، پاراستنی سەروەت و داهاتی کوردستان، عەدالەتی کۆمەڵایەتی، مافی هاوڵاتی بوون بنەما و ئامانجی حوکمڕانی بێت.
   لەم جیهانەی کە بەرژەوەندی سەرچاوەی بڕیار و خاڵی یەکلاکەرەوەیە ،مەحەکی ڕاست و دروست بۆ پاراستنی دەسکەوت و بەدیهێنانی تەواوی مافەکانمان، یەکترقبوڵکردن و رێکەوتن و یەکڕیزی نەتەوە و نیشتیمانەکەمانە، لەگەڵ خوێندنەوە و تێگەیشتنی دروست بۆ هاوکێشە جیهانی و هەرێمایەتیەکان