کەنەکە: پاراستنی ڕۆژئاوا ئەرکێکی نیشتمانییە و پێویستە لە زووترین کاتدا کۆنفرانسی نەتەوەیی ببەسترێت

26/01/2026
فۆتۆ: 

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە شاری برۆکسل کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕێکخست و تێیدا ڕایگەیاند، کە ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم پیلانێکی مەترسیداردایە و پاراستنی ئەو بەشەی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و شەرەفی کوردایەتی دەزانن.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد، پێویستە هەموو هێز و لایەنە کوردییەکان ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلا بنێن و لە چوارچێوەی یەکێتییەکی نیشتمانیدا کار بکەن، هەروەها داوایان کرد لە زووترین کاتدا کۆنفرانسێکی نەتەوەیی ببەسترێت بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەش بە مەبەستی بەرگری کردن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پاراستنی ئازادییەکانی کوردستان.

ئەم هەڵوێستەی کەنەکە دوای ئەوە دێت کە هێرشی هێزە جیهادییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕ بووەتەوە، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، کە بە شێوەیەکی کردەیی ڕێگری لەو هێرشانە بکەن و هاوکاری گەلی کورد بن لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق.