حزبی تەقەدوم: بەشداری حكومەتێك ناكەین بیرەوەری ململانێ تائیفییەكان لای هاوڵاتیانی عێراقی زیندوو بكاتەوە

27/01/2026
فۆتۆ: 

حزبی (تەقەدوم) كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و هۆشداری دەدات لەوەی بەشداری حكومەتێك ناكات كەسێك سەرۆكایەتی بكات كە "بیرەوەری ململانێ تائیفییەكان لای هاوڵاتیانی عێراقی زیندوو بكاتەوە"و " پەرە بە توندڕەوی و تیرۆر و قەیرانە دووبارەبووەکان و گۆشەگیری نێودەوڵەتی و عەرەبی دەدات".

حەلبوسی و حزبەكەی لەم بەیاننامەیەدا ناوی (نوری مالیكی)یان نەهێناوە، بەڵام بە ئاشكرا مەبەستیان لە نوری مالیكییە كە ئێستا بە فەرمی لەلایەن لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ ویلایەتی سێیەم، بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندید كراوەتەوە. 

 
هەر لەو بەیاننامەیەدا، حزبی تەقەدوم كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی لایەنە سوننەكانی عێراق داوا لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات پابەند بێت بە بنەمای "قبوڵكردنی نیشتمانی"، واتا كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری بكات كە هەمووان پێی قایل بن و وەكو ئەمان دەڵێن هاوتا بێت لەگەڵ پێداویستییەكانی ئەم قۆناغە هەستیارە كە ناوچەكەو جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت. 

پێشتریش ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی كە كۆكەرەوەی لایەنە سوننەكانە دژایەتی خۆی بۆ كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند، بەڵام هەردوو هاوپەمانی (عەزم)و (سیادە) لەناو سوننەكاندا پشتیوانی خۆیان بۆ مالیكی دەربڕیوە.

سوننەكان بیرەوەری خۆشیان لەگەڵ مالیكیدا نییە، چونكە لەسەردەمی مالیكیدا شەڕی تائیفی لە عێراق سەریهەڵداو لە كۆتایی ویلایەتی دووەمیش مالیكیشدا داعش سەریهەڵداو سوپای عێراق لە پارێزگا سوننە نشینەكان كشایەوەو ئەو ناوچانە توشی كارەساتی گەورە بوون.