ترەمپ پلانەکەی بارزانی و مالیکی تێکدا
رۆژنامەی "الشرق الاوست": کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێی عێراق دووچاری ئاستەنگ بووە، بەجۆرێک ئەگەری هەیە لەو پۆستە دووریبخاتەوە. ئەوەش دوای گەیشتنی پەیامەکانی ئەمریکا دێت کە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر پێکھێنانی حکومەتێک هەژموونی ئێران لە وڵاتەکەدا لاواز نەکات. بژاردەکانی ئێستا وەک ڕەتکردنەوەی ئێران دادەنرێت بۆ ڕێککەوتنێک کە تاران لە شەڕێکی چاوەڕوانکراو دوور بخاتەوە.
رۆژنامەکە، کۆپییەکی پەیامەکەی ئەمریکای دەستکەوتووە کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە کۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا خرابووەڕوو. تیایدا باس لە ناڕەزایی واشنتۆن کراوە بەرامبەر بە میکانیزمەکانی کاندیدکردنی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو و پۆستە باڵاکانی تر، ئەوەش دوای دوو رۆژ لە دەستنیشانکردنی مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
سەرچاوەیەک رایگەیاندووە، سەرکردەیەکی دیار لە چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کتوپڕی لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە و ئاگاداری کردووەتەوە لە ناڕەزایەتی واشنتۆن بەرامبەر بە بەردەوامی هەژموونی ئێران بەسەر میکانیزمی پێکهێنانی حکومەتدا. کەسایەتییەکی دیاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای مالیکی دانی بەوەداناوە پەیامەکەی ئەمریکا کاندیدکردنی مالیکی ئاڵۆزتر کردووە و ڕێگای بۆ خولی سێیەمی مالیکی لە رادەبەدەر قورس کردووە.
پێشتر گومان لەسەر ئەوە هەبوو کە ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی کە گەورەترین هاوپەیمانی شیعەکانە، پێش ئەوەی کاندیدەکەی رابگەیەنێت، ئاماژەکانی ناڕەزایەتی ئەمریکای بەرامبەر بە کاندیدکردنی مالیکی پێگەیشتووە، یان هەڵوێستی واشنتۆن گۆڕاوە دوای ئەو هەواڵانەی باس لەوەکرا کە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران پیرۆزبایی لە کاندیدبوونی مالیکی کردووە
جموجۆڵەکانی ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە چڕتربوونەوە کاتێک تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاگادارکردەوە، حکومەتێک کە لەلایەن ئێرانەوە دابنرێت، سەرکەوتوو نابێت، نە لەڕووی چاوەڕوانییەکانی گەلی عێراق یان سوریا، نە لەڕووی هاوبەشییەکی کاریگەر لەگەڵ ئەمریکا.
دوابەدوای ئەو بانگەوازەی نێوان باراک و بارزانی، هێزە سیاسییەکان دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان راگەیاند، کە بڕیار بوو سێشەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار بەڕێوەبچێت. بڕوایەکی فراوان هەیە کە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە مالیکی رێکەوتنێکی لە رێڕەو دەرهێناوە کە بریتی بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکێک کە بارزانی پاڵپشتی بکات.
سەرچاوە کوردییەکان رایانگەیاندووە، دواخستنی خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لەسەر داوای کورد بووە، ئەمەش دوای پەیامێکی تۆم باراک بە مەسعود بارزانی گەیاندووە. چونکە تێپەڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ڕێگەی رێککەوتنێکەوە کە گەرەنتی دانانی مالیکی وەک سەرۆک وەزیران، مانای دژایەتی ئەمریکا دەکات. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بارزانی هەنگاوێک بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، دوای ئەوەی وترا دوو مانگ پێشتر لەگەڵ مالیکی لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێککەوتووە.
|