بن سەلمان: ئاسمان و خاکمان بۆ لێدانی ئێران بەکارنایەت
"کەشتییەکی جەنگی جوانی تر ئێستا بەشێوەیەکی جوان بەرەو ئێران دەڕوات، هیوادارم رێککەوتن بکەن" ئەمە قسەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.
ترەمپ بەم پەیامە هەڕەشە ئامێزە، دواین دەرفەتی خستە بەردەم تاران بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتۆن رێککەوتن بکات.
هەر پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئێرانەوە، شازادە محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆکی ئێران قسەی کرد.
بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی فەرمی دەنگوباسەکانی سعودیە (واس)، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جێنشینی پادشای سعودیە؛ سەرۆکی ئێرانی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی شانشینی سعودیە رێگە نادات بواری ئاسمانی یاخود خاکی وڵاتەکەی بەکاربهێنرێت بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی دژ بە تاران.
"هەڵوێستی شانشینی سعودیە رێزگرتنە لەسەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران و، پاڵپشتی هەر هەوڵێک دەکەین کە بتوانێت لەرێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکات و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بەهێز بکات" شازادەی جێنشینی سعودیە وا دەڵێ؛ کە رۆژانێک وڵاتەکەی نەیاری سەرسەختی ئێران بووە لە ناوچەکەو، گۆڕانکارییەکانی سەردەمی ئیدارەی ترەمپ ئێستا هەڵوێستی بەم شێوەیە پێ گۆڕیوە.
لەبەرامبەردا بەپێی ئەوەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ محەمەد ین سەلمان، سەرۆکی ئێران وتوویەتی: تاران تائێستاش پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات کە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا کە رێگری لە جەنگ بکات.
قسەکەی محەمەد بن سەلمان کە بە دەسەڵاتداری راستەقینەی سعودیە ئەژماردەکرێت، دوای راگەیەندراوێکی هاوشێوە دێت لەلایەن ئیماراتی عەرەبییەوە کە دەڵێ: رێگەنادەین ئاسمان و خاک و ئاوە هەرێمایەتییەکانمان لە هەر کردەوەیەکی سەربازی دژ بە ئێران بەکاربهێنرێت.
دۆخی نادڵنیایی لەبارەی ئەگەری وەشاندی گورزی سەربازی لە ئێران وەکو خۆی بەردەوامە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ترەمپ وتی کەشتییەکی جەنگی بەرەو ئێران بەڕێوەیەو خوازیارە ناچار نەبێت بەکاری بهێنێت.
ترەمپ پێشتر چەند هۆشدارییەکی بە تاران داوە سەبارەت بە کوشتنی خۆپیشاندەران یاخود بەگەڕخستنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە، بەڵام لەوکاتەوە ئیتر خۆپیشاندانەکان کە سەرتاسەری ئێرانیان گرتبووەوە، دامرکایەوە.
ئاژانسی (رۆیتەرز) لەزاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە دەڵێ: کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی و چەندین کەشتی جەنگی تر گەیشتونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش توانای ترەمپ بۆ بەرگریکردن لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە یاخود ئەگەری کاری سەربازی دژ بە تاران بەهێز دەکات.
کۆماری ئیسلامی بەمدواییە یەکێک لە توندترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی لە مێژووی خۆیدا بەخۆوە بینی، سەرچاوەی ئەم ناڕەزایەتییە خراپی دۆخی گوزەران و بازاڕ بوو، بەڵام دامرکایەوە، بەقسەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هێزە ئەمنییەکانی ئێران هەزاران کەسیان کوشتووە، نەک تەنیا لە خۆپیشاندەران، تەنانەت لەناو خەڵکی ئاسایدا؛ ئەمەش لە گەورەترین هەڵمەتی سەرکوتکاریدا لەدوای ساڵی ١٩٧٩وە کە تێیدا دەسەڵات لە ئێران کەوتە دەست ئاخوندەکانەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران بەرپرسیارێتی ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەو کوژرانی خەڵکک دەخەنە ئەستۆی "تیرۆریست و ئاژاوەگێڕ"ەکان، کە بەوتەی ئەوان لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات و ئەمریکاو ئیسرائیلەوە ھاندراون.
|