دەزگای ئاسایشی هەرێم کەتیبەی پێنجی سەلمانی فارسی هەڵوەشاندەوە

17/02/2026
فۆتۆ: 

دەزگای ئاسایشی هەرێم، هەڵوەشاندنەوەی گرووپێکی مەترسیداری چەکداری داعش بەناوی(کەتیبەی پێنجی سەلمانی فارسی) سەربە ویلایەتی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەڕۆژی ٢٠٢٥/١٢/٨ تا ٢٠٢٦/٢/٩ توانییان، چەند ئۆپراسیۆنیک بۆ دەستگیرکردنی تیرۆریستان لەسنووری (هەڵەبجە، سەیدسادق،پێنجوێن، گەرمیان، دیالە) ئەنجام بدەن.

پیلانی چەکدارانی داعش " کەتیبەی پێنجی سەلمانی فارسی"، سەر بە ویلایەتی کوردستان:

-خۆ ڕێکخستنەوە و درووستکردنی گرووپی تیرۆریستی 
-درووستکردنی شوێنی مانەوە (المچافە)
-گواستنەوەی چەکدارانی داعش لەوڵاتانی دراوسێ بۆ کوردستان و خوارووی عێراق.

دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەشداوە، لەکۆی ئەم چالاکییەدا ( ١ ) یەک کارمەندی دەزگای ئاسایشی هەرێم برینداربوو و توانرا ( ١٠ ) تی.رۆر.یست دەستگیربکرێت و دەستیشگیرا بەسەر ( ٨ چەک و ١ دەمانچە و ٢ بۆمبی دەستی و ماددەی تەقینەوە لەجۆری سیفۆر و دوربین و پشتێنی خۆکوژی ) .

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا دەزگای ئاسایشی ئەوەشی رونکردوەتەوە کە، لەئێستادا سەرجەم تیرۆریستان بە ماددەی( ٤ ) تیرۆر، ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.