خەمێکی کۆمەڵایەتیی، ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتری ئەکەن !
خەمێکی کۆمەڵایەتیی، ڕۆژ بە ڕۆژ سەختتری ئەکەن !
د. یەحیی عمر رێشاوی
وتم: دەنگوباسی کوڕەکەت، هاوسەرگیریی نەکرد؟
ئاهێکی هەڵکێشاو وتی: مامۆستا گیان من موچەکەم تەنها (نۆسەد هەزارە)و مسقاڵێک ئاڵتون یەک ملیۆن! زۆر لەخۆیان بکەن ئەڵێن (١٠) مسقاڵ، دە ملیۆن لە کوێ بێنم؟! جا با ئەوە هۆڵ و ساڵۆن و پێویستیی ماڵ و مەسروفاتی تر بوەستێ! جا قوربان کوڕێکیش نییە دوانن !
ئەمە چیرۆکی خەمهێنەری بەشێکی زۆر لە باوک و دایکانە، کە ژنهێنانی کوڕەکانیان ئەبێتە فشارێکی زۆر بۆ سەر گیرفانە بێموچە و بەتاڵەکانیان و ناچار بە قەرز و داوا لەم و لەو ئەکات !
بە ڕاستی بەرپرسیارێتییەکی گەورە و مێژوویی لە ئەستۆی مامۆستایانی ئاینیی و زانا بەرێزەکانە ئەم بابەتە بکەنە پرسێکی گشتیی و ڕێگە چارەیەک بۆ ئەو گەنجە بێچارانە و ئەم دایک و باوکە کەمدەرامەتانە بدۆزنەوە. بە وتار و ئامۆژگارییەکانیان هۆشیاریی پرۆسەی هاوسەرگیریی و ئامانجەکەی تۆختر بکەنەوە.
ئەوەی کە بوەتە ڕێگر لەبەردەم چارەسەرکردنی ئەم پرسە کۆمەڵایەتییە، ئەو خێزانە دەوڵەمەند و توانادارانەن کە خەرجیەکی بێتام لە پرۆسەی داواکردن و مارەبڕین و شەکراو خواردنەوەو ئاڵتون و گرتنی هۆڵ و باقی خەرجیەکانی تردا ئەکەن، ئەو خەرجیە زۆرانە (کە بەشێکی خۆدەرخستن و مونافەسەو لاساییکردنەوەیە) باری شانی خێزانە کەمدەرامەتەکانی سەخت کردوەو عورفە کۆمەڵایەتییە نابەجێکە ئەوانیش ناچار بە لاساییکردنەوە و خەرجی زیادە ئەکات.
باوک و دایکی کچ بەرپرسیارێتیەکی دونیایی و قیامەتی ئەکەوێتە ئەستۆیان کە لانی کەم لە شتێک خۆش بن (ئاڵتوون، هۆڵ، ساڵۆن، پێداویستی ماڵ، جل و بەرگ.. هتد) ناکرێت یەک لەدوای یەک ئەم هەموو داواکاریە ئاڕاستەی ماڵی کوڕ بکرێت و بخرێتە ژێر قەرزێکی تاقەتپڕوکێنەوە، دواجاریش خوا ئەزانێ ئایا پرۆسەکە دەگاتە مەنزڵ یا (خوانەکردە) ڕێی دادگا ئەگرنە بەر !
هیوادارم ئەم خەمە کۆمەڵایەتییە ببێتە خەمی هەموان و ڕایەکی گشتیی لەسەر پڕۆسەیەکی ئاینیی و کۆمەڵایەتیی دروست ببێت، کە بڕیارە ئامانجەکەی (سوکنا) و (مەودە) و (ڕەحمە) بێت، نەک (ئاڵتون) و (هۆڵی شاھانە) و (ساڵۆنی ملیۆنیی).
|