نێچیرڤان بارزانی:ئەرکی هەموومانە بە بەرپرسیاريه‌تیى مێژووییەوە کار بکەين تاکو کوردستان و عێراق لەم ئاڵۆزییانە بەدوور بگرین
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، 20ـی ئاداری 2026 بە بۆنەی نەورۆزەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی..
گەلی کورد و كوردستانيیانى ئازیز لە هەر کوێی جیهان بن،
بە گەرمی و لە ناخی دڵەوە، جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی و سەری ساڵی نوێی کوردی لە ئێوە و لە خێزانی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوی هێزە ئەمنییەکان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی ئارامی، ئاسوودەیی و کامەرانی بۆ هەمووان.
نەورۆز گوزارشتێکی قووڵە لە مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و داستانەکانی خۆڕاگریی نەتەوەیەک کە هه‌ميشه به ئيراده‌يه‌كى به‌هێزه‌وه به‌ره‌نگارى ستەم بووه‌ته‌وه و هه‌رگيز ڕاده‌ست نه‌بووه. نەورۆز هێمای تێکشکانی تاریکی و نوێبوونەوەی ژیانە، ئەو ڕاستییەى مێژووە کە دەیسەلمێنێت هیچ هێز و چەکێک ناتوانێت گڕی ئازادیخوازی لە ناخی کورددا بکوژێنێتەوە.
ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز بۆ ئێمە بانگەوازێکی بەردەوامە بۆ كۆڵنه‌دان، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييهكان، بۆ تهبايى و پێكهوهيى. گوڕ و تينى به‌هێزمانه بۆ ئه‌وه‌ى بە ئیرادەيه‌كى نەورۆزییانە، دەستکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین و فيدراڵى و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ساڵه‌هامان، پته‌و و به‌هێز بهێڵینەوە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا پێشوازی لە بەهار و نەورۆز دەکەین، ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. مەترسییەکانی شەڕ و لێكه‌وته‌كانى لە هەموو لایەکەوە ده‌رده‌كه‌ون. بۆیە ئەرکی هەموومانە بە بەرپرسیاريه‌تیى مێژووییەوە کار بکەين تاکوو هەرێمی کوردستان و عێراق لەم ئاڵۆزییانە بەدوور بگرین. ئاشتی و ئاشتیخوازی؛ گەورەترین هێزی ئێمەن و تەنیا لە سایەی سەقامگیریدا دەتوانین داهاتوويهكى باشتر بنيات بنێين.
لە پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدا، وێڕاى دەستخۆشی له هه‌ر هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى، دووپاتی دەکەینەوە کە له‌م دۆخه‌دا هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى زياترى هه‌ولێر ـ به‌غدا و جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، تاقە گەرەنتییە بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی و سه‌قامگيرى دەمێنینەوە و دەستی لێكگه‌يشتن و دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین.
هاووڵاتييانى خۆشه‌ويستى كوردستان،
داواتان لێ دەکەم لە کاتی گەشت و سەیراندا، بەوپەڕی وریاییەوە ڕەچاوی سەلامەتیی خۆتان و خێزان و ئازیزانتان بكه‌ن. بەتایبەتى لەم ڕۆژگارەدا کە ناوچەکەمان بە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە لێکەوتەی مەترسیداری شەڕدا تێدەپەڕێت، پێویستە هەمووان زياتر ئاگادارى خۆتان بن.
ده‌بێ پابەندی ڕێنمایییەکانی هاتوچۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن، تاکوو ئەم جەژنە بە ئارامى و سەلامەتی بكه‌نه‌وه و هیچ ناخۆشییەک یادی نەورۆزمان لێ تاڵ نەکات. پاراستنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانی و نیشانەی شارستانیبوونی ئێمەیە و ده‌بێ پابه‌ندى بين.
نەورۆز لە هەموو ئەو گەلانەش پیرۆز بێت کە ئەم یادە دەکەنەوە. خواى مه‌زن ئێوه هه‌مووتان و گه‌ل و نيشتمانمان بپارێزێت و ئاشتى و ئارامى و دڵنيايى؛ باڵ به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌مان و ته‌واوى مرۆڤايه‌تيدا بكێشێت.
جەژنتان پیرۆز، هەموو ساڵێک بە خۆشى و كامه‌رانى.
|