قۆناغی دووەمی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستپێدەکات

02/07/2026
فۆتۆ: 

سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە ئاشکرای دەکات بەم زوانە قۆناغی دووەمی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە عێراق دەستپێدەکات و چوارچێوەی هەماهەنگیش داوایەکی ئاراستەی عەلی زەیدی کردوە

حسەن فەدعەم، سەرکردە لە رەوتی حیکمە  رایگەیاند: تاکە رەخنەیەک کە لە ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" گیراوە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بەکارهێنانی هێزی لە رادەبەدەرو هێنانی تانک و زرێپۆش بووە لە ناو ناوچەی سەوزدا، بەجۆرێک خەڵکی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووەو وایان زانیووە کودەتای سەربازییە، جگە لەم سەرەنجە چوارچێوەی هەماهەنگی گلۆپی سەوزی بۆ زەیدی هەڵکردووە پرۆسەی دەستگیرکردنی لیستی دووەم دەستپێبکات.

هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە زەیدی کردووە، پێویست بە چاندنی ترس و دڵەڕاوکێ ناکات، بەتایبەتی کە عێراقیەکان سەرقاڵی رێورەسمەکانی مانگی موحەڕەمن و  پێویستە مەترسییەکانی ئەم لەشکرکێشیە  لەسەر پڕۆسەی سیاسی و خودی سیستەمەکە لەبەرچاو بگرێت.

بەوتەی ئەو بەرپرسە، چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیکردووەتەوە، وردەکاری لیستی داهاتووی کە ئەو کسانە بزانێت کە تۆمەتباران بە گەندەڵی و حکومەتی عێراق بە نیازە دەستگریان بکات تا تۆمەتبارنەکرێن بە دزەکردنی زانیارییەکان، ئەگەر هاتوو هەندێک لە تۆمەتبارەکان هەڵاتن.

لەبەرامبەردا زەیدی سەرنجەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەهەند وەرگرتووە بەوەی زیادەڕەوی لە رێکارە ئەمنیەکانی داهاتوو نەکەن و رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا رێگەی دیکە بەکاربهێنرێت لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان.

زەیدی جەختیشکردووە، ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی چڕتر دەکەنەوەو لە رۆژانی داهاتوودا رەنگە سیاسەتمەدارو بازرگانان، بەرپرسانی حکومەتیش بگرێتەوە.