وەزارەتی دارایی هەرێم هۆکاری دواکەوتنی مووچە ئاشکرا دەکات
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی شەش رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کە داهات تا کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت، داهات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت، چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە ڕابگیرێت و دوابخرێت".
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە سەرەتایی روونکردنەوەکەیدا دەڵێت: ( پەتی درۆ کورتە )
ئاماژەی بەوەشداوە: ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بەشێک لە میدیاکان و پەیج و سۆشیال میدیاوە ھەڵمەتێکی چەواشەکارانە و دەربڕینی ناڕاست بۆ دواین سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغداد دەکەن و ھەندێکیان دەڵێن شاندەکە داوای دواخستنی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، بۆ بەدرۆخستنەوەی ئەو ھەڵمەتی درۆ و ڕیاکارییە ڕایدەگەیەنین.
باسی لەوەشکردوە: ھەرکەس و لایەن و میدیا و پەیجێک باسی ئەوەی کردبێت کە گوایە شاندی ھەرێم داوای نەناردنی مووچەی کردبێت ڕاست ناکات و درۆیەکە و شاندی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەرکردووە لە ھەموو کێشە و بابەتێکی سیاسی و تەکنیکی و ھتد…. بۆیە ئەو قسانە ھیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە.
وەزارەتی دارایی هەرێم جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە کە ئەرکی دواین سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغداد پەیوەست بووە بەچەند پرسێکەوە لەوانەیە.
١- کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدا.
٢- کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان.
٣- کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرھەم و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ.
لە کۆتایدا هێما بۆ ئەوەشدەکات: ھەرچی پەیوەستە بە بابەتی داھاتی ناوخۆ، لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا شاندی ھەرێم لە گەڵ بەڕێز وەزیری دارایی عێراق لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆیان کردووە و شاندەکە داوای کردووە بەپێی یاسای بوودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بکرێت، واتە لە ( ٥٠٪ ) داھاتە ناوخۆییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.
شایەنی باسە بەوپێیەی کە ھەمیشە داھات تا کۆتایی مانگ کۆنابێتەوە، بە شێوەیەکی ئاساییش ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە بەپێی یاسا دەکەوێتە دە ڕۆژی مانگی دواترەوە، کە داھات تا کۆتایی مانگ کۆنەبێتەوە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەش دەرنەچێت ، داھات و خەرجی مانگانە بەردەست نابێت ، چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە ڕابگیرێت و دوابخرێت.
|