قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئیدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە(6/7/2026) بە ئامادەبوونی هەر یەکە لە دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و ژوان سابیر، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە چۆنییەتی دروستکردنی هەماهەنگی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە بوارەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هەردوولادا کرا.
قوباد تاڵەبانی ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی ئەلبانیای کرد لە بوارەکانی چاکسازی و نوێکردنەوە و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا کە بەهۆی ئەم هەوڵانەوە زەمینەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری دروست بووە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر کاری هاوبەش بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان کەرتی تایبەتی هەردوولا بە تایبەتیش لە بوارەکانی گەشتوگوزار و وەبەرهێناندا.
|