لەتیف نێروەیی: ئەوەی شەوی ڕابردوو میدیاکانی پارتی بە سلێمانی کرد هیچی کەمتر نەبوو لە هێرشەکان

18/07/2026
فۆتۆ: 

لەبارەی رووماڵی میدکان سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردوو بۆسەر سنوری سلێمانی لەتیف نێروەیی دەڵێت، " ئەوەی شەوی ڕابردوو میدیاکانی پارتی بەرامبەر سلێمانی و سنووری سلێمانی کردیان، هیچی کەمتر نەبوو لە هێرشەکان".

لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: ئەوەی شەوی ڕابردوو میدیاکانی پارتی بەرامبەر سلێمانی و سنووری سلێمانی کردیان، هیچی کەمتر نەبوو لە هێرشەکان، چونکە پێچەوانەی بڕگەکانی یاسای تایبەت بە کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕووماڵێکی ڕاستەوخۆیان کرد، زانیارییان سەبارەت بە شوێنەکان بڵاوکردەوە و هەوڵیاندا ترس و تۆقین لەناو خەڵکدا بڵاوبکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد: میدیای پارتی سنووری سلێمانیی خستووەتە دەرەوەی بازنەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، هەروەها وەک میدیایەکی دژ کاریان دەکرد، لە بەرامبەریشدا، ئەو نەرمییەی کە ئیدارەی سلێمانی بەرامبەر بە میدیای پارتی نواندی، لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتووی دونیا ئەمە بەدیناکرێت.

لەتیف نێروەیی باسی لەوەشکردوە: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیدارەی سلێمانی ڕێکارەکانیان بە شێوازێک بێت کە لەگەڵ یاسای سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ گونجاوبێت، هەروەها ئێمە وەک میدیای یەکێتی هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر سنووری پارتی بڵاوناکەینەوە، چونکە هەست بە بەپرسیارێتی دەکەین بەرامبەر خاک و نەتەوەکەمان.