لەجیاتی دانانی گرێبەستەکان دەستپێدەکات

30/07/2026
فۆتۆ: 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، بەمەبەستی چەسپاندنی شەفافیەت و دادپەروەری و رەخساندی دەرفەتی یەکسان بۆ سەرجەم دەرچوان بەبێ جیاوازی، لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چەند رۆژی داهاتوو لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی تایبەتەوە پرۆسەی لەجیاتی دانان ئەمجامدەدرێت بۆ؛ (ئەو وانەبێژانەی بە گرێبەست دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ بەڵام بەهۆکاری جیا جیا دەست بەکارنەبوون)، یاخو (ئەوانەی لەسەر داهاتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان دامەزراون بە گرێبەست و دەست بەکارنەبون)، یان (هەموو ئەوانەی بە کرێی کاری رۆژانە لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامەزراون و دەست بەکاربونیان نەکردوە).

ئاماژە بەوەشدەکات، بۆ ئەم مەبەستە لە کۆبونەوەیەکدا کە بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی و بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەکانی زانکۆکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی تایبەتمەند لە دیوانی وەزارەت ئامادەیبون، وردەکاری و شێوازی پێشکەشکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی تایبەت بۆ لەجیاتی دانانی گرێبەستەکان بۆ ئەو کەسانەی کە پێشوتر ناویان گەڕاوەتەوە بەڵام بە هۆکاری جیا جیا دەستبەکارنەبونە رونکرایەوە.

 

دەشڵێت، بۆ ئەم مەبەستە لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند؛ دوای رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران پرۆسەی لە جیاتی دانان بۆ گرێبەستەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامدەدرێت ئەویش پاڵپشت بە بڕگەی شەشەم لە ڕێنمایی ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠١٩)ی وەزارەتی دارایی و ئابوری و بەپێی پسپۆڕی یان بڕوانامە، کە ئەمەش پرۆسەیەکی تەواو شەفاف و دادپەروەر و یەکسانە و سەرجەم دەرچوانی دانەمەزراو بە بێ جیاوازی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەتوانن بە ئەلیکترۆنی داواکاری بۆ دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست لە زانکۆکان پێشکەش بکەن کە لە چەند رۆژی داهاتوو پرۆسەکە لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی تایبەتەوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنرێت.

 
لەلایەن خۆشییەوە بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی وتی؛ سیستەمەکە رەچاوی خاڵبەندی دەکات بۆ پێشکەشکاران و هەموو ئەوانەی داواکاری بۆ لە جیاتی دانان پێشکەش دەکەن پێویستە مەرج و ڕێنماییەکانیان تێدابێت و سیستەمەکەش ئاسانکاری تەواوی بۆ پێشکەشکاران کردوە.