ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم هەژمارکردنی خزمەتی سەربازی و ئەمنی (ساڵێک بە دوو ساڵ) پەسەند دەکات

05/08/2026
فۆتۆ: 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی لیژنەیەکی تایبەت بە چۆنیەتی رێکخستنی ماوەی خزمەت، رەزامەندی لەسەر پەسەندکردنی کۆنووسی هەژمارکردنی ماوەی خزمەتی سەربازی و ئەمنی بە شێوازی (ساڵێک بە دوو ساڵ) "دوو چەندانە" دەربڕی.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ناوەرۆکی نووسراوەکە کە ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەن و دەزگای ئاسایشی هەرێم کراوە، ماوەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە لە رۆژی 4ـی تەمموزی 1992، لە راگەیاندنی یەکەم کابینەی حکومەتەوە دەستپێدەکات تا کۆتایهێنان بە ڕاژەکانیان، هەروەها پاڵپشت بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوا وادە بۆ هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە شێوازی ساڵێک بە دوو ساڵ تا رۆژی 31ـی کانوونی یەکەمی 2024 دیاریکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی هەژمارکردنی ئەم خزمەتە بە مەرجێک دەبێت کە کارمەند یان ئەفسەرەکە خانەنشینی ئەو ساڵانە لە موچەی بنەڕەتی بداتەوە. بەپێی زانیارییەکان، هەر پێشمەرگەیەک پێویستە %10ـی موچەی بنەڕەتیی 10 ساڵ بداتەوە کە دەکاتە نزیکەی سێ ملیۆن و 936 هەزار دینار، بۆ ئەفسەرانیش بڕەکە دەگاتە شەش ملیۆن و 336 هەزار دینار. سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە زۆرەملێ نییە و بابەتێکی ئارەزوومەندانەیە، بەجۆرێک کە پێویستە فەرمانبەر یان ئەفسەرەکە خۆی داواکاری رەسمی بۆ هەژمارکردنی ئاراستەی فەرمانگەکەی بکات.

وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە گواستنەوەی راژە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارەکە جیاوازی لەنێوان سێکتەرەکاندا دەکات؛ بەجۆرێک ئەو کەسانەی لە هێزە سەربازی و ئەمنیەکانەوە راژەکەیان بۆ بەشی شارستانی گوێزراوەتەوە یان دەگوێزرێتەوە، هەژمارکردنی ساڵێک بە دوو ساڵ نەیانگرێتەوە، بەڵام ئەو کارمەند و ئەفسەرانەی میلاکیان لەنێوان دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکانی وەک پێشمەرگە، ناوخۆ و ئاسایشدا دەگوێزرێتەوە، مافی هەژمارکردنی خزمەتەکەیان بە ساڵێک بە دوو ساڵ بۆ دەپارێزرێت.