شاسوار عەبدولواحید: حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە پێگەی کوردی زۆر لاواز کردووە
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، " پلانی ئێمە ئەوەیە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بڕوخێنین و تاکە چارەسەر رووخاندنی ئەم حکومەتەیە ".
ئاماژەی بەوەشداوە: لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەت هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێمەدا ئەنجام نەدراوە و کاتی قسە نەماوە وەک ئەوەی هەندێک حزبی بەناو ئۆپۆزسیۆن دەیکەن.
دەشڵێت: پلانی ئێمە ئەوەیە حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بڕوخێنین و تاکە چارەسەر رووخاندنی ئەم حکومەتەیە.
لە کۆنگرەکەدا باسی لەوەشکرد: ئەگەر رێکەوتنمان لەگەڵ یەکێتی نەکردایە پارتی هەموو پۆستە گرنگەکانی دەبرد، پارتی دەیەوێت هەموو کورد بکات بە قوربانی پۆستێک بۆ کەسێک، حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە پێگەی کوردی زۆر لاواز کردووە.
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: دەبێت پارتی دانبنێت بە هاوپەیمانێتی یەکێتی و نەوەی نوێ، تا پارتی دان بە هاوپەیمانێتییەکەی ئێمە و یەکێتیدا نەنێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵدا ناکەین، ئەگەر رێککەوتنەکەی ئێمە و یەکێتی نەبوایە پارتی چی بویستایە دەیکرد.
لە کۆتایشدا داوای لە هاوڵاتیانکرد کە " تا مووچە پاشەکەوتەکانیان وەرنەگرنەوە پارەی کارەبا نەدەن".
|