وەزیری پێشمەرگە: یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کۆتایی دێت
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، "لە مانگی نۆی ئەمساڵدا یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کۆتایی دێت".
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان چوار ساڵ پێش ئێستا یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ هاوپەیمانان واژۆ کرد. ئەو یاداشتە بۆ چوار ساڵ بوو و لە مانگی نۆدا چوار ساڵەکە تەواو دەبێت. هەموو خاڵەکانی نێو یاداشتەکە وەک خۆیان جێبەجێ کراون".
ئاماژەی بەوەشدا، "لە چوار ساڵەکەدا پابەندیی تەواو بە یاداشتەکەوە لە لایەن هەردوولاوە هەبوو. یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی یاداشتەکە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو کە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و ئێستا هیچ هێزێکی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نییە".
شۆڕش ئیسماعیل، سەبارەت بە یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد "هێزەکانی پێشمەرگە لە دوو دەڤەر و ١١ فیرقە و فەرماندەییەک رێکخراونەتەوە و لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدان".
|