دادگای فیدراڵی كۆتوبەندی ئەو یاسایانەی كرد كە خەرجی لەسەر حكومەت زیاد دەكەن

26/07/2020
فۆتۆ: 

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دادگای فیدراڵی پەرلەمانی پابەندكردووە، لەوەی نەتوانێت هیچ یاسایەك دەربكات، كە قورسایی دارایی زیاتر بخاتە سەر حكومەت، ئەگەر هاتوو حكومەت رازی نەبوو لەسەری .

محەمەد عزی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەستی پەرلەمانی بەستووە، لەوەی نەتوانێت هیچ یاسایەك دەربكات، كە ببێتە دروستكردنی قورسایی و خەرجی زیادە، ئەگەر هاتوو حكومەت ڕەزامەند نەبوو لەسەری .

ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، كە لە ئێستادا لە لای لیژنەی پەرلەمانە، لەوبڕوایەدان پەسەندكردن و تێپەڕاندنی قورس بێت، چونكە ڕێوشوێنەكانی پەسەندكردن و بەیاساكردنی، خەرجییەكی زۆر لەسەر دەوڵەت دەكەوێت، بۆیە دەبێت پرۆژە یاساكە لە حكومەتەوە ئاراستە بكرێت، ئەگەر هاتوو سوربوونێك هەبێت بۆ پەسەندكردنی .