رۆژنامەی فەرمی عێراق: پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی داڕشتنی یاسایەکی نوێیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

10/09/2026
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوی یاسادانانی دەستپێکردووە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەوەش لە ڕێگەی پڕۆژەیاسایەکی نوێوە کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ئەنجامدراوە

محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فەرمی عێراق رایگەیاند، هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دیاریکردووە و روونی کردووەتەوە، پڕۆژەکە بە شێوازێکی فراوان و ورد داڕێژراوە و زۆر دەقەکانی یاسای پێشووی بەشێوەیەکی بەرچاو تێپەڕاندووە.

جەختی کردەوە، پڕۆژەکە پێناسەیەکی ورد و تێروتەسەل بۆ تاوانی تیرۆریستی دەخاتە ڕوو، جگە لە فراوانکردنی مەودای وەسفکردنی کارە تیرۆریستییەکان بۆ ئەوەی کەرت و کرداری نوێ بگرێتەوە کە پێشتر بەشێوەیەکی پێویست نەیگرتبوونەوە، بە سەپاندنی پاکێجێک لە سزای توند کە بەپێی قورسیی تاوانە ئەنجامدراوەکە، بە شێوەیەکی پلەبەپلە بەرزدەبێتەوە لە سێدارەدانەوە تا دەگاتە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی و کاتی.

ئاماژەی بەوەشداوە، پڕۆژەکە میکانیزمێکی یاسایی نوێی ھێناوەتە ئاراوە کە بریتییە لە ئامادەکردنی "لیستی تیرۆریستان"، بەجۆرێک داواکاری گشتی ئەرکی تۆمارکردنی ناو ئەو کەسانە دەگرێتە ئەستۆ کە دەکەونە ناو ئەو لیستەوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی بێبەشکردنی کەسانی تۆمارکراو لە زۆربەی مافە سەرەکییەکان، وەک قەدەغەکردنی گەشتکردن، قەدەغەکردنی ھەڵگرتنی پاسپۆرت، بێبەشکردن لە دەرفەتی کار. 

 خەفاجی ئەوەشی روونکردەوە، دەرگای ھەموارکردن و تێبینییەکان ھێشتا لەبەردەم ھێزە سیاسییەکان و لیژنە پەیوەندیدارەکاندا کراوەیە، دوای تەواوبوونی قۆناغی خوێندنەوەی دووەم و وەرگرتنی رای لیژنە پسپۆڕەکان، پێشوازی لە پێشنیارە فەرمییەکان دەکرێت.