قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی ئەنجوومەنی سێناتی فەڕەنسا کۆبووەوە
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئەنجوومەنی سێناتی فەڕەنسا کە لە هەریەکە لە سیناتۆر نیکۆل دۆرانتۆن، سەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتیی فەڕەنسا - عێراق، رێمی فێرۆ و ئۆلیڤیێ بلیتز ئەندامانی کۆمیتەکە پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژی سێشەممە (22/9/2026) بەڕێوەچوو، هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و حکومەت و گەلی فەڕەنسا کرد و هاوڕابوون کە پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ بەردەوامیدان و بەهێزترکردنی ئەو متمانە و پەیوەندییە مێژووییەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە.
لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی بە پێزانینەوە باسی ئەو هاوسۆزی و پشتیوانییە بەردەوامەی حکومەت و گەلی فەڕەنسای بۆ کوردستان کرد و بە تایبەتیش سوپاسی هاوکاری و پشتیوانییەکانی سوپای فەڕەنسای کرد بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڕەشە و مەترسییەکانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق و ناوچەکە کرا و هاوڕابوون، کە راستە داعش و گروپە تیرۆریستییەکان شکستیان هێناوە بەڵام هێشتا بە تەواوی بنەبڕ نەکراون و وەک مەترسی ماون بۆ سەر ناوچەکە و هەموو جیهان.
لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بە پێویستی زانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوامبن لەسەر پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە لە هەرچەشنە هەڕەشە و مەترسییەک.
|