سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: دەمانەوێت مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ عێراق بکەین بە یەک پاکێج
ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەندامی شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا، راگەیاند: بۆیەکەمجارە کە حکومەتی هەرێم بەشداری دەکات لە گەڵاڵەکردنی رەشنوسی بودجەی عێراق، هەست دەکەم بەشداریکردنمان لە قۆناغی ئامادەکردنی بودجە لە وەزارەتی دارایی گرنگە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە پرسی پابەندییەکانی هەرێم لە بودجەدا، لە پرسی نەوت، داهاتی نانەوتی و پابەندییەکانی تر بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ پابەندییەکانی هەرێم وەک بەبانکیکردنی مووچەخۆران زیاتر چووەتە پێشەوە و لە ئێستادا هەرێمی کوردستان هەر ناڵێت بێنە، بەڵکوو بەشداری سەرەکییە لە زیادکردنی داھات.
وتیشی، لە دوایین گەڕی دانوستانەکان جەختیان لەوەکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان رێژەی ١٤.١٤٪ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنێت، نەک ١٢.٦٧٪ و هەردوو تێبینییەکەی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو رێژەیە لە یادداشتی کۆبوونەوەکانیان جێگیرکراوە.
ئامانج رەحیم باسی لەوەشکرد، کە گرنگترین هەنگاو بریتیە لەوەی مووچەخۆرانی هەرێم و عێراق بکرێن بە یەک پاکێج، واتە چۆن مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرێکی فیدڕاڵی دەکرێت، بە هەمان جۆر مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆری هەرێمیش بکرێت و وەزیری دارایی عێراق تێگەیشتنی زۆری بۆ ئەو خاڵە هەبووە و ئەگەر مووچەی هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشی حکومەت و ببێتە شایستەی مووچەخۆر ئەوە زۆرگرنگە و بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٤ی دادگای فیدڕاڵیش پشتیوانی لەو بابەتە دەکات، کە باس لەوەدەکات یەکسانی و هاوتاکردن لەنێوان مووچەی هەرێم و بەغدا ھەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان چاوەڕێی ئەوەن لەلایەن وەزیری دارایی فیدڕاڵەوە ئاگادار بکرێنەوە، وابڕیارە لەم هەفتەیەدا دەست بە دانوستان بکەنەوە.
سەبارەت بە پرسی دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، وەزیری دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیان کردووەتەو کە هەر دامەزراندنێک بۆ عێراق هەبێت، هەرێمی کوردستانیش لێی سودمەند دەبێت.
|