سەبارەت بەدواخستی کۆبوونەوەی پەرلەمان روونکردنەوەیەک بڵاوکرایەوە

26/07/2020
پەرلەمانی کوردستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بەدواخستی کۆبوونەوەی پەرلەمان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، پەیوەست بە ئەو کێشانەی کە لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ئارادابوون، ھەندێک ھەواڵ و لێکدانەوەی ناڕاست لە میدیاکاندا بڵاوبوونەتەوە .

ئاماژە بەوەشکراوە، راستیی بابەتەکە بەو شێوەیە کە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و بافڵ تالەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو کێشەیە تاوتوێ کراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، بافڵ تالەبانی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 کاتژمێر کردووە بەبێ ھیچ مەرجێک، تاوەکو دەرفەت بۆ سەرکردایەتیی ھەردوولا ھەبێت بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بگەن.

هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەم داوایە بە چارەسەرێکی پەسەند زانرا و بە دانوستان لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرکردایەتیی ھەردوولا کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 24 کاتژمێر دواخراوە بە بێ ھیچ مەرجێک و بوار ڕەخسێندراوە لەو ماوەیەدا بەربەست و کێشەکان چارەسەر بکرێن.

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، بەو ھیوایەی کە گشت لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەل ئەم بابەتانەدا بکەن و بە ئاراستەی چارسەر، ھەواڵ و لێکدانەوەکان بگوازنەوە.

ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە، ئەگەرچی بڕیاربوو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی٧ی٢٠٢٠، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەراگەیەنراوێكدا بڵاویکردەوە، بڕیاریداوە دانیشتنەکە بۆ كاتژمێر (11)ی پێشنیوەڕۆی سبەینێ دووشەمە 2020/7/27 دوابخات.