بەسەرکردایەتی ڕۆناڵدۆ، یۆڤانتۆس نازناوی خولی ئیتاڵی بەدەستهێنا

27/07/2020
ئاهەنگێڕانی یاریزانانی یۆڤانتۆس
فۆتۆ: 

یانەی یۆڤانتۆس بۆ جاری حەوتەم لەسەریەک نازناوی خولی ئیتاڵی بەدەستهێنا، دوای سەرکەوتنی بەسەر سامپەدۆریا بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر.

بەو بردنەوەیە، یانەی یۆڤانتۆس بە دوو گەڕ پێش تەواوبوونی یارییەکانی خولی ئیتاڵی توانی نازناوەکە بۆ خۆی یەکلابکاتەوە دوای ئەوەی ژمارەکانی خاڵەکانی گەیاندە 83 خاڵ بە جیاوازی حەوت خاڵ لەگەڵ یانەی ئەنتەری ڕیزبەندی دووەم.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە خولەکی حەوتی زیادکراوی گێمی یەکەم گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی خانمە پیرەکە تۆمارکرد و دوای ئەوەی لەلایەن یاریزانی بۆسنی پیانیچەوە بەشێوەیەکی زیرەکانە تۆپێکی پێدرا.

پاشان بێرناردیسکی لە خولەکی 67  پاش بەشداریپێکردنی لەلایەن ڕاهێنەرەوە لە گێمی دووەم توانی گۆڵی دڵنیایی و یەکلاکەرەوە بۆ یانەی یۆڤانتۆس تۆماربکات، ئەویش بە سوود بینین لە لێدانێکی بەهێزی رۆناڵدۆ کە گۆڵچی سامپەدۆریا گەڕاندیەوە.

ڕۆناڵدۆی مێژوویی

ئەمشەو بە تۆمارکردنی گۆڵی 31 یەکەمینی لە یانەی سامپەدۆریا، ڕۆناڵدۆ بووە یەکەم یاریزانی یانەی یۆڤانتۆس لەساڵی 1933-1934ەوە بتوانێت لە یەک وەرزدا ئەو ژمارە گۆڵە بۆ یانەکە تۆماربکات، کە لەوساڵەدا بۆریل توانیبووی 32 گۆڵ بۆ یانەی یۆڤانتۆس بکات.

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ئێستا دووەم گۆڵکاری خولی ئیتاڵیا بە سێ گۆڵ لەدوای ئیمۆبیلێ هێرشبەری لاتسیۆوە دێت کە خاوەنی 34 گۆڵە.
 
هەروەها لەگەڵ ئیمۆبیلێ و لیڤاندۆڤسکی لە کێبڕکێیدایە بۆ بردنەوەی پێڵاوی ئاڵتونی کە هەرسێکیان تا ئێستا هەمان ژمارەی گۆڵ و خاڵیان هەیە.