راوێژکارێكی باڵای ترەمپ تووشی کۆرۆنا بوو

27/07/2020
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و رۆبێرت ئۆبراین راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

رۆبێرت ئۆبراین راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا تووشی کۆرۆنا بوو و ئەوەش یەکەم بەرپرسی باڵای ئەمریکایە کە تا ئێستا تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت.

کۆشکی سپی لە راگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 ، بە سوکی لە رۆبێرت ئۆبراین دەرکەوتووە و لە ئێستادا لە ماڵەکەی خۆیدا کەرەنتین کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ مەترسییەک بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی، مایک پێنس لەئارادا نییە.

رۆبێرت ئۆبراین تەمەنی ٥٤ ساڵە و پاش دوورخستنەوەی جۆن بۆڵتن، وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەستبەکاربوو.

تاوکو ئێستا ئاشکرانەکراوە کە دواین چاوپێکەوتنی رۆبێرت ئۆبراین لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ یاخود مایک پێنس کەی بووە، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژە بەوەدەکەن کە چەند رۆژێک بەسەر دواین دیداری ئەواندا تێپەڕدەبێت.

دوو هەفتە پێش ئێستا رۆبێرت ئۆبراین هاوسەفەری دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ شاری میامی لە باشووری ویلایەتی فلۆریدا.

بەشێک لە کارمەندانی کۆشکی سپی و نوسینگەی رۆبێرت ئۆبراین بە کەناڵی سی ئێن ئێن-یان راگەیاندووە کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی٧ی٢٠٢٠، ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کە ئۆبراین تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

یەکێک لەو کارمەندانە بە گۆڤاری بلومبێرگی راگەیاندووە، نزیکەی هەفتەیەکە رۆبێرت ئۆبراین نەهاتووە بۆ کۆشکی سپی و ناوبراو لە میوانییەکدا ڤایرۆسەکەی بۆ گوازراوەتەوە.

تائێستا ژمارەیەک لە کارمەندانی کۆشکی سپی و نوسینگەی سەرۆکایەتی ئەمریکا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەوانەش چەند پاسەوانی کۆشکی سپی و خزمەتکارێکی نوسینگەی دۆناڵد ترەمپ، هەروەها کیت میلەر بەرپرسی راگەیاندنی مایک پێنس، بەوهۆیەشەوە لەئێستادا و رۆژانە بەردەوام پشکنینی تایبەتی کۆرۆنا بۆ دۆناڵد ترەمپ و کەسانی دەورووبەری دەکرێت.

بەپێی دواین ئاماری زانکۆی جۆن هۆپکینز، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە چوار ملیۆن و ٢٣٨ هەزار و ٥٠٠ کەس لە ئەمریکا تووشی ڤایرۆسەکە بوون و لەو ژمارەیەش ١٤٦ هەزار و ٩٦٨ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.