تورکیا سنورەکانی زاخۆ تۆپباران دەکات

28/07/2020
تورکیا سنورەکانی زاخۆ تۆپباران دەکات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
دهۆک

سوپای تورکیا سنورەکانی قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک تۆپباران دەکات.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا تۆپخانەکانی سوپای تورکیا دەستیانکردووە بە تۆپبارانکردنی چیای خامتیر و گوندەکانی ستەبڵان و بهێرێ لە سنوری ناحیەی دەرکارێ سەر بە قەزای زاخۆ.

ئاماژەی بەوەشکرد،  تا ئێستا زیانەکانی ئەو تۆپبارانە بەوردی نەزانراوە بەڵام بەوهۆیەوە زیانی ماددی زۆر بەر دانیشتووانی ناوچەکە گەیشتووە.

زیاتر لە مانگێکە سوپای تورکیا بەبیانوی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زەوی و ئاسمانەوە هێڕشدەکاتە سەر سنورەکانی ئامێدی و زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهید بوون و زیانی ماددی زۆریش بەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە گەیشتووە.

هەر لەو کاتەشەوە سوپای تورکیا بە درێژی ٤٠ کیلومەتر و قوڵایی ١٥ کیلومەتر سنوری قەزای زاخوی بەزاندووە و چەندین بنکە و بارەگای نوێی لەو سنورە جێگیرکردووە.