بڵابوونەوەی كۆرۆنا تەندروستی سوریای تووشی شڵەژان كردووە

28/07/2020
یەکێک لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ئیدلب
فۆتۆ: 

ڕێكخراوی پزیشكانی بێسنور ڕایگەیاند، بازنەی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سوریا فراوان بووە و دامەزراوە تەندروستییەكانی ئەو وڵاتەی تووشی شڵەژان كردووە .

ئەحمەد فازل بەڕێوەبەری ڕێكخراوی پزیشكانی بێسنور لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاژانسی هەواڵی سپۆتنیكی روسی ڕاگەیاندووە، چەندین جار هۆشداریان داوە لە دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵات و باكوری سوریا، ئەگەر بێتوو ڕێژەی تووشبوون بە فایرۆسی كۆرۆنای تیا بەرزبێتەوە .

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەرزۆكی و خراپی سیستمی تەندروستی لە باكوری سوریا، وایكردووە بڵابوونەوەی كۆرۆنای تێدا زیاتر ببێت، بە تایبەت كە دامەزراوە تەندروستییەكان خۆیان نەخۆشی دیكەیان هەیە و كۆرۆناش دۆخەكەی ئەوەندەی دیكە خراپتر كردووە، بۆیە سیستمی تەندروستی ئەو ناوچانە تووشی شڵەژان هاتوون .

ڕێكخراوی پزیشكانی بێسنور ئاشكرایكردووە، دامەزراوە تەندروستییەكانی باكوری سوریا ڕوبەڕوی كەمی داودەرمان و كەلوپەلی پزیشكی و كادرێری تەندروستی بوونەتەوە .

بەڕێوەبەری ڕێكخراوەكە ئاشكرایكردووە، لەناوچەی پێكدانەكانەكانی ناوچەیەكی وەك پارێزگای ئیدلب، قەیرانی ئابوری وایكردووە، نەخۆشەكان ناتوانن چارەسەری پێویست بۆخۆیان دابین بكەن، ئەو بەشە موچەیەش كە وەریدەگرن، ناچارن لە كڕینی خۆراك و ئاوی خواردنەوەدا خەرجی بكەن، بۆیە ناتوانن دەرمانی چارەسەری نەخۆشییەكانی خۆیان بكڕن .

ئاماژەی بەوەشكردووە، دۆخی كامپەكان زۆر خراپترە، بەتایبەت لەڕووی پاكوخاوێنێی گشتی و دابینكردنی پێداویستە سەرەتاییەكان، بەشێوەیەك نزیكەی دوو ملیۆن و 700 هەزار كەس لە ئاوارەكانی ناوخۆیی سوریا لە باكوری خۆرئاوای ئەو وڵاتە لە كامپی ئەوتۆدان ئاویخواردنەوە و پاكوخاوێنی گشتی لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، بۆیە زۆر ئەستەمە بتوانرێت خۆبەدوورگرتنی كۆمەڵایەتی تیا پەیڕەوبكرێت .