کۆرۆنا بەبەهای 320 ملیار دۆلار زیانی بە کەرتی گەشتیاری لە جیهان گەیاندووە

28/07/2020
کۆرۆنا بەبەهای 320 ملیار دۆلار زیانی بە کەرتی گەشتیاری لە جیهان گەیاندووە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
جیهانی

رێکخراوی گەشتیاری جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبەهای 320 ملیار دۆلار زیانی بە کەرتی گەشتیاری لە جیهان گەیاندووە.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی٧ی٢٠٢٠، رێکخراوی گەشتیاری جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و بڵاوبوونەوەی بە سەرتاسەری جهیاندا، بەبەهای 320 ملیار دۆلار زیانی بە کەرتی گەشتیاری لەجیهان گەیاندووە، بە لەدەستدانی داهاتی کۆمپانیاکانی ئەو کەرتە.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی ئەو زیانە داراییەی کە بەهۆی کۆرۆناوە لە کەرتی گەشتیاری کەوتووە، سێ هێندەی زیانەکانی قەیرانی دارایی ساڵی 2009-یە .

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO )، لە شەش هەفتەی رابردوودا، ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوو هێندە زیادیکردووە و بەمزوانە کاریگەرییە دارایی و ئابورییەکانی کۆرۆنا کۆتاییان نایەت .

لە سەرەتای بڵاوبوونەوی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 16 ملیۆن و 727 هەزار و 725 کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 658 هەزار و 870 کەس گیانیان لەدەستداوە و 10 ملیۆن و 294 هەزار و 851 تووشبووش چاکبوونەتەوە پەتاکەیان تێپەڕاندووە.