لەیلا عومەر: من لەگەڵ لامەركەزیم بۆ سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە

30/07/2020
لەیلا عومەر عەلی، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاورباری کارگێڕی
فۆتۆ: 

جێگرە نوێیەكەی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند لە هەوڵدان هەموو سێكتەرەكانی ئیدارە لە پارێزگای سلێمانی بكەنە سیستەم و دەشڵێت ئەو لەگەڵ جێبەجێكردنی سیستەمی لامەركەزیە بۆ سلێمانی دهۆك و هەڵەبجە.

لەیلا عومەر عەلی كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە وەك جێگری كارگێڕی پارێزگاری سلێمانی متمانەی پێدرا لە یەكەم دیداری رۆژنامەوانیدا بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاند: لەم كاتەدا بەڕاستی تەكلیفكرام بۆ ئەو پۆستە (جێگری پارێزگاری سلێمانی) لەسەر داوای حیزبەكەم (یەكێتی) ڕاستە لەهەموو ڕوویەكەوە قەیران هەیە، بەڵام ئێمە نابێت نائومێدبین، دەبێت هەر بەردەوام بین لەوەی كە هەوڵ بدەین كارەكان نەوەستێت.

ئەو ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بووە، بۆ ماوەیەكی زۆریشە پۆستی ئیداری هەیە لە سلێمانیدا كە بە لەلای تاپۆ ناسراوە، دەشڵێت: زۆر زۆر ئاواتمە كە ئێمە هەوڵ بدەین هەرچی سێكتەرەكانی ئیدارەیە هەموو بە سیستەم بكرێت لەبەرئەوەی كە بە سیستەم كرا واتە دادپەروەری، یەكسانی و ڕێكخستن، واتە شتەكان ڕێكخراوتردەبن زیاتر دەتوانی لەو ڕوانگەیەوە خزمەتی خەڵك بكەیت. 

لەیلا عومەر سوپاسی جێگری پێشووی پارێزگاری كرد و راشیگەیاند: لامەركەزی جیاكردنەوەی شارەكان نییە لە یەكتری بەڵكو ئەمە تەنها داواكردنی لامەركەزی بۆ ئیداریی و دارایییە كە زیاتر خزمەت بە شارەكە و بە خەڵكەكە دەكات، هەندێكی هەر لە یاساكاندا باسكراوە بەڵام پەیڕەوناكرێت لەوانەیە كۆمەڵێك بەربەست هەبێت تەنها ئەوەیە ئەگەرنا هیچ جیاكردنەوەیەك نیە و ئێمە هەوڵدەدەین كە بچەسپێنرێت بەیاسا ئەو لامەركەزییە تەنانەت بۆ دهۆك و سلێمانی وەهەروەها هەڵەبجە بێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵكە."