خانەنشینی رووی راستەقینەی پەرلەمانتارانی دەرخست

31/07/2020
فۆتۆ: 

ئەو وادەیە کۆتاییهات کە دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی دیاری کردبوو کە دەیانەوێت دەستبەرداری موچەی خانەنشینی بن.

بۆچی پەرلەمانتاران دەستبەرداری خانەنشینی نەبوون؟




لە کۆی 549 پەرلەمانتاری ئێستا و خولەکانی پێشوو، تەنیا 8 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان فۆرمی رەتکردنەوەی خانەنشینییان پڕکردەوە کە ئەوانیش پێکهاتوون لە:

سێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان
_ عەلی حەمەساڵح
_ شیرین ئەمین
_ شایان عەسکەری

چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ
_ کازم فاروق
_ کاوە عەبدولقادر
_ مژدە مەحمود
_  سیپان ئامێدی
لەگەڵ سیروان بابان پەرلەمانتاری سەربەخۆ

ڕەتنەکردنەوەی خانەنشینی لە لایەن پەرلەمانتارانەوە لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوو پەرلەمانتارانی ئێستا و پەرلەمانتارە خانەنشینکراوەکان، لە رێگەی میدیاکانەوە زۆرترین موزایەدەی سیاسییان کردووە و خۆیان بە داکۆکیکاری خەڵک و داهاتی گشتی زانیوە، بەڵام لە کرداردا ئامادە نەبوون دەستبەرداری مافێکی خۆیان بن لەپێناو خەڵک و بودجەی گشتیدا بە تایبەت کە بەشێکیان گەنجن و دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کارەکانی پێشووی خۆیان.


موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان مانگانە هەشت ملیۆن ‌و 200 هەزار دینارە، کە پێشتر دوای تەواوبوونی ئەرکەکەیان لە پەرلەمان، سەرجەمیان بە گوێرەی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 1999ی پەرلەمانی کوردستان خانەنشین دەکران بە 80%ی موچەکانیانەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەرجی تەمەن، خزمەت و بڕوانامە، بەوەش لە کاتی خانەنشین بووندا مانگانە شەش ملیۆن ‌و 560 هەزار دیناریان وەردەگرت.


لە سەرەتای ئەمساڵدا پەرلەمانی کوردستان بە پەسەندکردنی یاسی چاکسازی لە موچە و خانەنیشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە، کەمێک دەستکاریی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانی کرد.


یاساکە لە سەرەتای ئەم مانگەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەمەودوا لە خانەنشینی پەرلەمانتاراندا
_ پێوەری تەمەن
_ ساڵانی خزمەت
_ بڕوانامە
لەبەرچاو دەگیرێن

بەوەش بەرزترین موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار دەبێتە 4 ملیۆن و 200 هەزار دینار و کەمترینیشی دەبێتە 2 ملیۆن و 50 هەزار دینار.


ئەگەر ناوەندی هەردوو موچەکە وەرگرین، ئەوا موچەی خانەنشینی مانگێکی 549 پەرلەمانتارەکە نزیکەی 1 ملیار و 725 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی گشتی دەکەوێت و لە ساڵێکیشدا دەکاتە نزیکەی 20 ملیار و 625 ملیۆن دینار.


بە بڕوای شارەزایان، کارەسات لەوە دایە کە موچەی خانەنشینی زۆربەی فەرمانبەرانی ئاسایی دوای نزیکەی 35 ساڵ خزمەتی بەردەوام لە نێوان 200 بۆ 500 هەزار دیناردایە.


لە دوای ساڵی 1992 و ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان، خانەنشینی و موچەی پەرلەمانتاران بووەتە بارێکی گران بەسەر بودجەی گشتی و پەرلەمانتاران کەمترین کار دەکەن و زۆرترین موچە وەردەگرن، ئەو موچە زۆرەش وەک یەکێک لە نەزیفەکانی بودجەی گشتی دادەنرێت.


ئەگەر خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان وەک نمونە وەربگرین لەو خولەدا پەرلەمانتاران 42 یاسایان دەرکردووە، سەرەڕای ئەو موچە 8 ملیۆنییەی لەکاتی پەرلەمانتاری وەریانگرتووە، ئێستا مانگانە 6 ملیۆن 560 هەزار دینار بە خانەنشینی وەردەگرن.


پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دوای چەند خولێکی دیکەی پەرلەمان، دەبێت موچەی کۆی گشتی پەرلەمانتارە خانەنشینکراوەکان بگاتە چەند؟


زۆربەی شارەزایانی یاسایی و ئابووری جەخت لەوە دەکەنەوە کێشەی خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیر و پلەباڵاکانی دیکە، دەبێتە قەیران و نەزیفێکی گەورەی بەهەدەردانی سامانی گشتی و باشترین چارەسەر ئەوەیە پەرلەمانتار و وەزیرەکان خانەنشین نەکرێن و دوای 4 ساڵ بگەڕێنەوە سەر کاری پێشووی خۆیان.