بۆچی ترەمپ ترسی لە تیك تۆك هەیە؟

01/08/2020
ماڵپەڕی كۆمەڵایەتی تیک تۆک نزیكەی دوو ملیار جار دابەزێنراوە
فۆتۆ: 

لێدوانەكانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بەتۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك، گفتوگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، دوای ئەوەی هۆشداری داوەتە گەورەترین دەوڵەتی جیهان لەسەر ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە.

ترەمپ وتی "لەتاوتوێكردنی قەدەغەكردنی ماڵپەڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆكی چینییە، كە لەلایەن مێردمنداڵانەوە بەشێوەیەكی فراوان بەكار دەهێنرێت"

ئەو لێدوانە توندەی ترەمپ بە دوا وەرزی ناكۆكیی و ئاڵۆزییەكانی نێوان واشنتۆن و پەكین دادەنرێت، كە ماوەیەكە ئاڵۆزی زۆریان تێكەوتووە.

ترەمپ ئاشكرایكرد، بیر لە كشاندنەوەی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیای (بایت دانس)ی چینی دەكات، كە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كاردەكات.

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێكی جیاوازی هەوڵەكانی بۆ قەدەغەكردنی تیك تۆك، بۆ سزادانی چیینە لەسەر وەڵامدانەوەكانی لە كاتی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، كە بۆ یەكەمجار لە شاری ووهانی چین دەركەوت.

ئەو هۆشداری و مەترسییانەی ترەمپ سەبارەت بەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە چینییە لەكاتێكدایە، كۆمپانیای مایكرۆسۆفت تایبەت بە بواری پرۆگرامەكانی كۆمپیوتەر لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە نیازی كڕینی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە.

مەترسی ترەمپ وئیدارەی ئەمریكا لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە بەربڵاوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بیەوێت سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیانی ئەمریكاوە بكات.

لەسەرەتای مانگی تەموزی رابردوودا مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوزی وڵاتەكەیدا وتی "ئەو كەسانەی كە تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك بەكاردەهێنن زانیارییە تایبەتییەكانیان دەخەنە بەردەستی پارتی كۆمنیستی دەسەڵاتداری چین".

هاوكات پیتەر ناڤارۆ راوێژكاری بازرگانی كۆشكی سپی ئەمریكا ڕایگەیاند، تیك تۆك گەورەتریت شێوەی چاودیرییە، كە لەلایەن حكومەتی چینەوە بەرێوەدەبرێت.

چاودێرانی دۆخی ناكۆییەكانی نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وای بۆ دەچن، بەشێكی هەوڵی قەدەغەكردنی ماڵپەڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ماڵپەڕە جگە لەوەی مەترسی ئەمنی هەیە بازرگانییەكی گەورەشە.

ئەو لێدوانە نوێیانەی ترەمپ سەبارەت بە مەترسییەكانی تیك تۆك دوای ئەوەش دێت، بەكارهێنەرانی رایانگەیاند، هاوكار بوون بۆ هەڵوەشانەوەی كۆبوونەوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی ترەمپ لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە ویلایەتی ئۆكلاهۆما، كە بەكارهێنەرانی بە هەزاران تیكی ئامادەبوونیان بڕیبوو لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، بێ ئەوەی نییەتی ئامادەبوونیان هەبێت لە كۆبوونەوەكەدا.

لەلایەكی ترەوە سەرباری ئەو مەترسییانە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تیك تۆك، بەڵام لایەنگرانی ترەمپ بەشێوەیەكی بەرچاو ئامادەبوونیان هەیە لەسەر ئەو تۆڕە، بۆیە هەر هەوڵێك بۆ قەدەغەكردنی پێدەچێت ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت لەسەر سەرۆكی ئەمریكا، بە تایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا و خۆكاندیكردنەوەی ترەمپ بۆ ئەو پۆستە.

لەسایەی داخستنی شوێنە گشتییەكان و مانەوە لەماڵەوە، كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتووەتە ئاراوە، تیك تۆك بەشێوەیەكی فراوان لەسەر ئاستی جیهان بەكاردەهێنرێت، ئەویش وەك هەوڵێك بۆ چوونە دەرەوە لەو بێتاقەتیەی كە سەدان میلۆن كەس دووچاری ببوون لەسەر ئاستی جیهان.

بەگوێرەی كۆمپانیای "سینسۆر تاوەر" ماڵپەڕی كۆمەڵایەتی تیک تۆک نزیكەی دوو ملیار جار دابەزێنراوە لەسەر مۆبایل و ئامێرەكانی دیكەی پەیوەندیكردن، لەو ژمارەیەش بە تەنها 632 هەزار ملیۆنیان لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی كۆمپانیای سینسۆر تاوەر، گەورەترین بازاڕی تیك تۆك هیندستان بووە، دوای ئەویش بەرازیل و بە پلەی سێهەم ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.