یەكەم وێستگەی ئەتۆمی لە وڵاتێكی عەرەبی بەسەرکەوتوویی خرایە گەڕ

01/08/2020
وێستگە ئەتۆمییەكانی بەرەكە لە شاری ئەبوزەبی
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو ئاشكرایكرد، بەسەركەوتوویی یەكەم وێستگەی ئەتۆمی ئاشتیانەی لە وڵاتەكەیدا بەناوی "بەرەكە"خراوەتە گەڕ .

محەمەد راشد ئال مەكتوم جێگری سەرۆكی ئیمارات و حاكمی دوبەی لە تویتەری خۆی نووسیویەتی "ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنین كە دەوڵەتی ئیمارات، لە وێستگە ئەتۆمییەكانی بەرەكە لە شاری ئەبوزەبی، بە سەركەوتوویی كاری بە یەكەم وێستگەی ئەتۆمی بواری ئاشتیانە كرد لە جیهانی عەرەبیدا" .

ئاماژەی بەوەشكردووە، تیمی كاركردن سەركەوتوو بوون لە باركردنی ڕستێك لەسوتەمەنی ئەتۆمی و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی گشتی و كارپێكردنی پرۆسەكە بە سەركەوتوویی .

هەرچەندە بڕیاربوو كردنەوەی یەكەم ویستگەی ئەتۆمی ئیماراتی بەناوی بەرەكە لە كۆتایی ساڵی 2017دا بكرێتەوە، بەڵام ئەو هەنگاوە بۆچەند جارێك دواخرا .

وێستگەی ئەتۆمی بەرەكە دەكەوێتە خۆرئاوای شاری ئەبوزەبییەوە و لە لایەن كۆمپانیایەكی كۆریای باشورەوە بە بودجەی 24 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بنیاتنراوە .

ئیمارات یەكێكە لەو وڵاتانەی كە خاوەنی بڕێكی زۆر لە یەدەگی وزەیە و وەبەرهێنانی گەورەشی كردووە لە گەشەپێدانی سەرچاوەكانی جێگرەوە، لەوانەش وزەی خۆر .

 بە گوێرەی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئیمارات، بە تەواوبوونی وێستگەی ئەتۆمی بەرەكە لە 25%ی پێداویستییەكانی ئەو وڵاتە لە وزەی كارەبا دابین دەبێت .