وەزارەتی تەندروستی بەشە ناوخۆییەكان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا بەكاردەهێنێت

12/06/2020
بەشێک لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی
فۆتۆ: ئەرشیف
هەولێر

بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا وەزارەتی تەندروستی بڕیاریدا بەشە ناوخۆییەكانی خوێندكاران وەك شوێنی مانەوەی تووشبووان بەكار بهێنێت.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەشە ناوخۆییەكانی قوتابیان بۆ كەرەنتینكردن و تووشبووانی كۆرۆنا ئامادە كراون و بەمەودوا ئەگەر حاڵەتەكان زۆر ببن بەكار دەهێندرێن.

لە رۆژانی دوای جەژنی رەمەزانەوە حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە و لە ئێٍستادا 1892 تووشبوو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا هەیە كە زۆرینەیان لە شاری سلێمانیە، لەو ژمارەیەش تا ئێٍستا 37 كەس گیانیان لەدەستداوە و 1297 كەسیش لەژێر چاودێریدا ماونەتەوە.