دەزگای تەندروستی پێشمەرگە: باری تەندروستی هونەرمەند سابیر کوردستانی جێگیرە

02/08/2020
هونەرمەند سابیر کوردستانی لەکاتی تووشبوونی بەڤایرۆسی کۆرۆنا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

دەزگای تەندروستی پێشمەرگە رایگەیاند، باری تەندروستی هونەرمەند سابیر کوردستانی جێگیر و لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکی ورددایە

ڕاگەیاندنی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە روونکردنەوەیەکی لەبارەی بارودۆخی هونەرمەند سابیر کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە هەفتەیەکە هونەرمەندی ناوبراو تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاسا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەرەتای گەیشتنی بەنەخۆشخانەی ئاسا، هەموو پێداویستیەکی چارەسەری بۆ سابیر کوردستانی دابینکراوە، تەنانەت بەهەوڵی کارگێڕی نەخۆشخانەی ئاسا و بەرپرسانی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە پلازمای خوێن و هەموو پێداویستییەکی چارەسەری و ژووری تایبەتی بۆ دابینکراوە.

ئاشکراشیکردووە، لە ئێستادا باری تەندروستی هونەرمەند سابیر کوردستانی جێگیرە و بەردەوام لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدایە .

دەزگای تەندروستی پێشمەرگە راشیگەیاندووە، هیوادارین بەزوترین کات بارودۆخی سابیر کوردستانی بەتەواوی ئاسایی ببێتەوە و بگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی جارانی .