مەسروور بارزانی: بەردەوام دەبین بۆ گەڕاندنەوەی رفێنراوانی کوردانی ئێزدی

03/08/2020
فۆتۆ: 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە بۆنەی ساڵڕۆژی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە پەیامێکدا رایگەیاند، لەم یادە خەمناکەدا پێویستە بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە ڕزگارکردنی شنگال.

دەقی پەیامی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان :

لە شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ، بە خەم و کۆڤانەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە کە لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان دووچاری کۆمەڵکوژی و ڕفاندن و ئاوارەبوون بوونەوە .

کۆمەڵکوژی شنگال و دەوربەری ، بە یەکێک لە دڕندانەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخدا، کە بە شێک بوو لە هێرشی بەرفراوانی تیرۆریستان لە دژی گەلی کوردستان . سەرەڕای هەموو ئەو کارەسات و فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی ڕووبەڕووی خوشک وبرایانی ئێزدی بووەتەوە، بەڵام بەردەوامن لە بەرگریکردن لە زمان و ناسنامە و کولتوور و ئاینی خۆیان .

لەم یادە خەمناکەدا ، پێویستە بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکەینەوە لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەروەها ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەین لە بە هاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکانمان. پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکار بن بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە .
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون، کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتر بە هەوڵی حکومەتی هەرێم ڕزگارکراون.هەروەها داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی، قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان .

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠٢٠/٨/٣