بنەماڵەی هەڕووتی: لیژنەی لێكۆڵینەوە ئەنجامی نەبێت هەڵوێستمان دەبێت

04/08/2020
فۆتۆ: 

بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی كە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستدا رایانگەیاند لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی لێكۆڵینەوەیان ئاشكرا نەكردووە و پێشیان وایە پارتی كوڕەكەیانی كوشتووە.

بنەماڵەی مەجید ئیبراهیم، ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی لە زیندان گیانی لەدەستدا راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە تیاییدا دەڵێن، لە سەروبەندی ڕووداوەكەدا، بڕیاردرا بە پێكھێنانی لێژنەیەكی پەڕلەمانی و لیژنەیەكی حكومی، بەمەبەستی ئاشكراكردنی ڕاستی ڕووداوەكە بۆ ڕای گشتی كوردستان بەڵام تا ئێستا ھیچ دەرەئەنجامێكی ئەو لیژنانە نەخراوتە. 

مەجید ئیبراهیم (مەجید هەرووتی) لە شەوی13ی كانونی دووەمی 2020 لەماڵەكەی خۆیدا لە لایەن ھێزێكی دژە تیرۆری پارتییەوە بە ھاوكاری ئاسایشی باسرمە و ئاسایشی سۆران دەستگیركرا و دوای سێ ڕۆژ لە دەستگیركردنی ئاسایشی پارتی كەسوكارەكەی ئاگادركردەوە لە گیانلەدەستدانی. 

لەو كاتەدا رووداوەكە كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە و بەوهۆیەوە دوو لیژنەی حكومی و پەرلەمانی بۆ لێكۆڵینەوە پێكهێندرا، لەو بارەیەوە كەسوكارەكەی دەڵێن "پارتی پێشبینی نەكردبوو  ڕووداوەكە ڕای گشتی كوردستان ڕابچڵەكێنێت، بەڵكو بەپێی ئەو سیناریۆ تیرۆر ئاسایەی دەزگا سیخوڕی و تۆقێنەرەكەی دایتاشیبوو، بەوەی رۆلەكەمان لە زیندان بەدەستی خۆی خۆی خنكاندوە، ڕوداوەكە پەردەپۆش دەكات و  مەرگەكەی بێ شوناس و بە هەڵم دەكرێت زۆر ئاسان بیردەچێتەوە، بەڵام ھەر زوو سیناریۆ نەزۆكەكەی پارتی بۆ ڕای گشتی ئاشكرابوو".

ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی كە رایانگەیاند بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیركراوە بنەمالچ ەكەی گیان لەدەستدانی بە ستەم ناودەهێنن و پێیاوایە سەرەتایەكی ترسناك بووە دژ بە ئازادی و دیموكراسی و دەشڵێن "ئەم ڕووداوە ھۆشداریەكی ڕوونی دەسەڵاتە سەركوتكەرەكەی پارتییە بۆ خەڵكی كوردستان كە ئەوەی لەگەڵیان نەبێت بەو جۆرە تیرۆری دەكەن و دواتر سیناریۆیەكی قێزەونی دەخەنە پاڵ".

ئەوان داوایان لە لاھور شێخ جەنگی و بافل تاڵەبانی، ھاوسەرۆكانی یەكێتی كردووە و دەڵێن "ڕێگە نەدەن ئاكام و ئاشكراكردنی ئەم تاوانە دەرهەق بە پێشمەرگەیەكی یەكێتی وەك چەندان كاری قێزەونی تری پارتی دیزەبەدەرخۆنە بكرێت، چونكە ئەمە ئاسەواری خراپ لەسەر متمانەی ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی بەرامبەر بە پاراستن و بەتەنگەوەبوونی حزبەكەیان لەبەرامبەر هەڕەشەی پارتی لەسەر ژیان و ئازادی و ماڵیان بەجێدەهێڵێت". 

بنەماڵەی ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی راشیانگەیاندووە "بۆچوونمان وایە، ئەم سیناریۆ دروستكراوەی پارتی لەھەمبەر ڕۆڵەكەمان، تەنھا و تەنها ئەوەمان پێدەڵێت، كە پارتی وەك حزبێكی تاكڕەو، ئامانجی تۆقاندن و سڕینەوەی سەرجەم ئەو هێز و دەنگە ئازادیخوازانەیە، كە نەیار و بەرهەڵستی ڕەفتارە قێزەونەكانی پارتی دەكەن، پارتی بەم سیناریۆیە ویستی یەكێتی نوێ تاقیبكاتەوە، ئاخۆ تا چەند وەك جاران دەتوانێ مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكات".

لەو راگەیەندراوەدا دەشڵێت "وەك بنەماڵەی قوربانی دەستی زوڵم (مەجید ھەرووتی) ماوەی چەند مانگێكە چاوەڕوانی دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لێژنەكان دەكەین، وەك ئەندامانی بنەماڵەكەمان ماوەیەكی دیكە چاوەڕوان دەكەین، ئەگەر دەرئەنجامەكان بۆ ئێمە و ڕای گشتی نەخرێتە ڕوو ئەوا دەستەوسان نابین، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین لە شێوەی ناڕەزایەتی  دەربڕین لەبەردەم قونسوڵخانەكانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێم و جوڵاندنی ڕای گشتی".