پیازی سور لەئەمریکا کارەساتێکی تەندروستی دەخاتەوە

04/08/2020
پیاز لەئامادەکردنی زۆربەی خواردنەکاندا بەکاردەهێنرێت
فۆتۆ: 

بەهۆی خواردنی پیازی سورەوە ٥١٦ کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا تووشی نەخۆشی سالمونیلا بوون.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر و لێکۆڵینەوەیەکی ئیدارەی خۆراک و تەندروستی ئەمریکا، دەرکەوتووە نەخۆش سالمونیلا لە پیازی سوردا بڵاوبووەتەوە.

سالمۆنیلا نەخۆشییەکی بەکتریاییە و دووچاری دەزگای هەرس دەبێت و لەناو گەدەدا دەژی، لەکاتی خواردنێکی پیسبوو بەو نەخۆشییە دەگات بە هەناوی مرۆڤ.

پێگەى ئەلکترۆنی نەخۆشخانەی "مایۆ کلینک"ی ئەمریکا  بڵاویکردەوە، نیشانەکانی نەخۆشی سالمۆنیلا بریتین لە تا و سکچوون و تێکچوونی دەزگای هەرس، دوای تێپەڕبوونی شەش کاتژمێر نیشانەکانی لەسەر کەسی تووشبوو دەردەکەوێت، هەندێک جاریش دەگاتە شەش ڕۆژ، دوای مرۆڤ ئەوەی تووشی بەکتریاکە دەبێت.

هەندێک جا ریش نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی ووشکبوونەوەی لاشە، لەو کاتەشدا وا پێویست دەکات نەخۆش چاودێری تەندروستی بەپەلەی بۆ دابین بکرێت.

لەوەبەر بەزۆری نەخۆشییەکە لەبەرهەمەکانی گۆشت و مریشک و هێلکەی کاڵ، ئەگەری ئەوەشی هەیە بەهۆی سەوزە و میوەشەوە تووشی مرۆڤ ببێت، بە تایبەت کاتێک ئەو بەرهەمانە بە ئاوی پیسبوو بە سالمۆنیلا.

سەرباری ئەوەی نەخۆشییەکە بکوژ نییە، بەڵام ئەگەری ئەوەی هەیە بگاتە سەرتاپای لاشەی مرۆڤ، ئەگەر هاتوو چووە ناو سوڕی خوێین، ئەوەش وادەکات نەخۆش تا مانگێک تەندروستی ئاسایی نەبێتەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەش لەئەمریکا، کۆمپانیای تۆمسۆن ئینتەرناشیوناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، داوایکردووە سەرجەم بەرهەمی پیازی سوور لە بازاڕ بکێشرێتەوە لە جۆرەکانی سوور و زەرد و سپی، بەهۆی پیسبوونی بە نەخۆشی سالمونیلا کە لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردوەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەمریکا و کەنەدا کراون.

دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا ئامۆژگاری هاوڵاتیانی کردووە، هەر بەرهەمێکی پیازی سوور لە هەر شوێن بەکارهێنراوە، با هەموو ئەو شوێنانەی کە تیا هەڵگیراوە و ئەو ئامێرانەش کە لە وردکردنیدا بەکارهاتوون، پێویستە بە تەواوی پاکژبکرێنەوە، چونکە مەترسی هەیە بەکتریای نەخۆشییەکەیان لەسەر بێت.