ئێران: رێککەوتنی نەوتیی ئەمریکا و هەسەدە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە

04/08/2020
ئێران ئیدانەی رێککەوتنی نەوتیی ئەمریکا و هەسەدە دەکات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێککەوتنی نەوتیی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لەزاری عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، "رێکەوتنی کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکا لەگەڵ گروپێک لە کوردانی سوریا، پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکاری سەروەری خاکی سوریایە و بەهەموو شێوەیەک ئیدانەی دەکەین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنە لەلایەن ئەمریکا وەک هێزێکی داگیرکەر لە خاکی سوریا، هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و هەنگاوێکی دیکەی واشنتنە بۆ بەتاڵانبردنی سامانی سروشتی سوریا".

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر هەردوو وەزارەتی دەرەوەی سوریا و تورکیا ئیدانەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و ئەمریکیان کردووە بۆ وەبەرهێنان لە نەوتی سوریادا و بەهەموو شێوەیەک رەتیانکردووەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای "دەلتا کرێسینت ئینێرجی"ـی ئەمریکی بواری نەوت واژۆکرد و ھەنگاوەکەش بە ئاگاداری و ھاندانی واشنتن بووە .

بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیا ئەمریکییەکە توانای بەرھەمھێنانی لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا زیاددەکات و نەوتەکەش دەفرۆشێت .

یەکێک لە گرنگییەکانی ئەو ڕێککەوتنە بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەیە ، کە بەئاگاداری ئیدارەی ترەمپ بووە ئەوەش بەبۆچوونی شیکەرەوان مانای داننانی واشنتنە بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر  و ماناوەی ئەمریکا لە ناوچەکە.