لەئەنجامی تەقینەوەکەی بەیروت زیاتر لە سێ هەزار کەس برینداربوون

04/08/2020
بریندارێکی تەقینەوەکەی ئەمشەوی بەیروت
فۆتۆ: فۆتۆ: فرانس پرێس
بەیروت

وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، لە تەقینەوەکەی بەیروتدا زیاتر لە سێ هەزار کەس برینداربوون و لانیکەم ٥٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئاماری کوژراو و بریندارەکانیش لەبەرزبوونەوەدایە.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لەئەنجامی تەقینەوەکەی ئەمشەوی بەندەری بەیروت، زیاتر لە سێ هەزار کەس برینداربوون و برینی ژمارەیەکیان سەختە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی تەقینەوەکەوە لانیکەم ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەی زیانی ماددی زۆر بەر بەندەرەکە گەیشتووە.

لای خۆشیەوە حەسەن دیاب سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، دەبێت بکەرانی تەقینەوکە باجەکەی بدەن.

داواشی لە وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان کرد، لەم کاتە سەختەدا هاوکاری لوبنان بن و هەرچییەک لەدەستیان بێت بۆ گەل و حکومەتی لوبنان ئەنجامی بدەن.

ئەمشەو تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری بەیروت روویدا و دوابەدوای رووداوەکەش حەمەد حەسەن، وەزیری  تەندروستی لوبنان بە میدیاکانی لوبنانی راگەیاند، کەشتییەکی پڕ لە تەقەمەنی لە بەندەرێکی بەیروت تەقیوه‌تەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی ئاشکرا نەکرد.

دواتر حکومەتی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان رەتیانكرده‌وه‌ دەستیان لە تەقینەوەکەدا هەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، حزبوڵڵای بەوە تۆمەتبارکردبوو، بەندەری بەیروت بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بەکاردەهێنێت .

لەبارەی تەقینەوەکەوە، ئیلیاس فەرحات پسپۆڕی سەربازی و ستراتیژی لوبنانی ڕایگەیاند، تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت بەهۆی مادەیەکی کیمیایی گەورەوە یاخود بۆردومانێکی موشەکی دوورمەودا بووە .

سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە بوونی مادەی تی ئێن تی دەکەن ناوبراو ڕوونیکردەوە، هاوردەکردنی تەقەمەنی لە لوبنان لەژێر چاودێری و ڕەزامەندی وەزارەتی بەرگریدایە .

ئاماژەی بەوەشکرد، شێوەی تەقینەوەکە و ئەو هەورە چڕە و ئەو تۆپەڵە ئاگرەی کە لە ئەنجامی تەقینەوەکەوە بەسەر بەندەری بەیروتدا دەرکەوتووە، ئاماژەیە بۆ بوونی بڕێێکی زۆر لە مادەی تەقەمەنی و تەقینەوە لە یەک کاتدا.