"لە قازانجی کۆمپانیاکان ئاڵوگۆڕ لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم کراوە"

06/08/2020
فۆتۆ: 

رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان، رایگەیاند، لە گرێبەستە نەوتیەكاندا ئاڵوگۆڕ لەپشكی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان ڕوویداوە، لەهەندێك شوێن پشكی كۆمپانیاكان هێندە زیادە چاوپۆشی لێناكرێت، چەند پێشنیارێكیش ئاراستەی حكومەت دەكات.


ڕێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان، راپۆرتێكی لەبارەی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی و بەیەك پاكێج هەموو گرێبەستەكان بخاتە بەردەستی دیوانی چاودێری دارایی نابێت هیچ گرێبەستێك ببوردرێت لە وردبینیكردن. 

لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەشكراوە كە "ئاڵوگۆڕ لەپشكی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان ڕوویداوە، بەجۆرێك لەهەندێك شوێن پشكی كۆمپانیاكان هێندە زیادە چاوپۆشی لێناكرێت، چونكە پشكی كۆمپانیاكان بووە بە ٨٠%، پشكی حكومەتی هەرێمیش بووە بە ٢٠%، لەبارەی سروشتیدا پشكی كۆمپانیاكان دەبێت ٢٠% بێت".

رێكخراوەكە داوایكردووە "گرێبەستی ٥٠ ساڵەی هەناردەكردنی نەوت، ٢٥ ساڵەی غازی سروشتی، ڕوسنەفت، گرێبەستی ئەمباركردن و هەناردەكردنی (تی پكۆ)، گرێبەستی فرۆشتن بخرێتە بەردەستی دیوانی چاودێری دارایی، چونكە زۆترین گومان لەسەر ئەم گرێبەستانەیە".

وریا هەورامی، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی دۆر بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: هەموو گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم (بەرهەمێنانی هاوبەشە) سروشتی گرێبەستی (بەرهەمهێنانی هاوبەش) وایە تاكەكەس دەتوانێت ئاڕاستەیان بكات، بۆیە ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتیەكان بەرپرسیارە لەبارەی ناوەڕۆكی گرێبەستەكانەوە، بۆیە گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی كوردستان بكاتەوە.

رێكخراوەكە ئەوەشی روونكردەوە "كەرتی نەوتی هەرێمی تا پێش ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەیەكی گشتی ٥٧ گرێبەستی هەبووە، بەپلەی یەكەم (دی ئێن ئۆ، وێنسترین زاگرۆس، گنەڵ ئینێرجی توركی، مۆڵی هەنگاری، ئیم ئۆڤی نەمساوی، كەی ئین ئۆسی كۆری)سودی یەكەم و دوومیان لێوەرگرتووە، بەڵام دوای ئەوە كۆمپانیای گنەڵ ئینێرجی توركی لە ١٤ی گرێبەستی هەرێمی كوردستان ناوی هەیە و بووە بە یەكەمی بێ ڕكابەر".

دەقی راپۆرتەكە: