نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەستی لەپۆستەکەی کێشایەوە

06/08/2020
فۆتۆ: 

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، برایان هۆک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەستی لەکار کێشاوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لەزاری پۆمپیۆوە بڵاویکردەوە، ئالیۆت ئابرامز کە یەکێکە لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی سەردەمی جەنگی عێراق، لە شوێنی هۆک دەستبەکار دەبێت، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە ئەرکەکەی پێشووی وەک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ڤەنزویلا.

دەستلەکارکێشانەوەی برایان هۆک لە پۆستەکەی لەکاتێکدایە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەفتەی داهاتوو دەنگدان ئەنجام دەدات لەسەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەکردنی هەناردەی چەک بۆسەر ئێران.

لەدوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕووی لەزیادبوون کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی واشنتۆن زنجیرەیەک سزای بەسەر تاراندا سەپاند.

هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام هەموو ئەو لێدوانانە بەردەوام لەلایەن ئێرانەوە ڕەتدەکرێتەوە.

لەساڵی ١٩٨٠ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماتیان لەنێواندا نەماوە.