لەسنوری پۆڵەندا ژمارەیەک پەنابەر دەستگیر کران

08/08/2020
فۆتۆ: 

دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا ڕایانگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنور٣٤ پەنابەری ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەستگیرکردووە، کە لەناو لۆریەکی بارهەڵگردا بوون و ژمارەیەکیان عێراقین.

شیمۆن موشتشیتسکی وتەبێژی هێزەکانی پاسەوانی سنور لە باشوری پۆڵەندا ڕایگەیاند، ئەو کەسانە چوار ژن و چوار منداڵیان لەناودایە و لە تورکیاوە بە سنوری وڵاتی سلۆڤاکیاندا هاتوونەتە پۆڵەندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانە هەڵگری ناسنامەی عێراق و ئێران و سوریا و کوردی کوردستانی تورکیایان تێدایە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ئەو پەنابەرانە بە تەمای کوێ بوون.

لە پۆڵەندا پارتی نەتەوەپەرستی موحافیزکار دەسەڵاتدارە و، هەر لەسەرەتای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ وە ڕایگەیاندبوو، کۆت وبەندی قورس دەخاتە بەردەم هاتنی پەنابەران بۆ وڵاتەکەی.

مانگی ڕابردوو نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە پۆڵەندا کرد هاوکاری ئەو پەنابەرانە بکات، کەبەهۆی جەنک و چەوسانەوەوە ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ڕایگەیاند، پۆڵەندا ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکرلادووە، کە ڕەتیدەکاتەوە ڕێوشوێنی پێدانی مافی پەنابەرێتی بدا بە کۆچبەران و ئەو کەسانەی ڕوو دەکەنە ئەو وڵاتە.

ڕێکخراوە ناحکومییەکانی پۆڵەندا دەڵێن، لەساڵی ٢٠١٦وە داخوازی مافی پەنابەرێتی کەمیکردووە بۆ ٤ هەزار کەس، لە کاتێکدا پێشتر ژمارەکە لە نێوان ٨ بۆ ١٤ هەزار داوا بووە.