دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسی سێوان قادر بۆ جاری سێهەم دواخست
ئەمڕۆ بۆ جاری سێهەم دادگای تاوانەكانی سلێمانی جارێكی دیكە بڕیاری كۆتایی لە بارەی كەیسی سێوان قادر و منداڵەكانی دواخست و باوكی سێوان قادریش داوای لە دادگا كرد چیتر لەوە زیاتر بڕیاری كۆتایی دوانەخات.
ئەمڕۆ جارێكی دیكە دانیشتنی دادگای تاوانەكان سلێمانی لە بارەی كەیسی سێوان قادر و منداڵەكانی ئەنجامدرا، ژمارەیەك لە چالاكوانانی ئافرەتان لەگەڵ كەسوكاری سێوان لە بەردەم دادگا ئامادەبوون.
دادگا بەهۆی ئامادە نەبوونی پارێزەری تۆمەتبار بۆ جاری سێهەم بڕیاری كۆتایی دواخست و بڕیارە لە رۆژی 11ی ئاب جارێكی دیكە دادگا بۆ راگەیاندنی بڕیاری كۆتایی كۆببێتەوە.
باوكی سێوان راشیگەیاند دادگا ئاگاداری پارێزەری تۆمەتبارەكەی كردووەتەوە بۆ ئامادە بوونی لە دادگاییەكە لە رۆژی سێ شەممە و بڕیارە دوای دوو رۆژیتر دادگا بڕیاری كۆتایی بدات.
تا ئێستا لەبارەی كەیسی سێوان قادر و منداڵەكانی دادگا زیاتر لە 15 دانیشتنی ئەنجامداوە و سێ دانیشتنیش بۆ راگەیاندنی بڕیاری كۆتایی ئەنجامدراوە.
لە رۆژی17ی تشرینی دووەمی 2019، یەكەم دانیشتنی دادگایی هاوسەری سێوان قادر ئەنجامدرا كە تۆمەتبارە بە دەستهەبوونی لە سوتانی هاوسەر و منداڵەكانی، كە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو سووتان و گیانیان لەدەستدا.
سووتانی سێوان و منداڵەكانی، كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، كە سێ منداڵەكە راستەوخۆ گیانیان لەدەستدا و سێوانی دایكیشیان دوای چەند رۆژێك مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
|