هونەرمەند سابیر کوردستانی بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد

10/08/2020
هونەرمەند سابیر کوردستانی لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا و بەهۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هونەرمەند سابیر کوردستانی لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

د. چالاک قادر بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاسا لە سلێمانی، بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، لە دوێنێوە باری تەندروستی هونەرمەند سابیر کوردستانی تێکچووبوو و ماوەی دوو رۆژ بوو، لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددابوو.

ئاشکراشیکرد، ئەگەرچی هەموو ئەو چارەسەرانەی کە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا پێوێستە، بەکارهێنراوە بۆ چارەسەری هونەرمەند سابیر کوردستانی، بەڵام بەهۆی خراپی باری تەندروستی، کاتژمێر ١٠ی ئەمشەو کۆچی دواییکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا دیارینەکراوە کە تەرمی هونەرمەند سابیر کوردستانی لە کوێ بەخاکدەسپێردرێت.

چەند رۆژ لەمەوبەر هونەرمەند سابیر کوردستانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوو و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی خەوێندرا، بەڵام بەهۆی خراپی باری تەندروستی، ئەمشەو لە تەمەنی ٦٥ ساڵید کۆچی دواییکرد.

سابیر محەمەد ئەحمەد، ناسراو بە سابیر کوردستانی لە ساڵی 1955 لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی سێ کچ و کورِێکە. 

لە ساڵی 1970 بۆ یەکەمجار لە خوێندنگەی ئیمام قاسم لە شاری کەرکوک لە یادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان گۆرانی وتووە، هەر لەو کاتەشەوە توانی خۆی وەکو گۆرانیبێژێک بناسێنێت.

هونەرمەند سابیر کوردستانی، لە ساڵی 1971 یەکەم گۆرانی لە کەناڵی تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکرد و لە ساڵی 1972 گۆرانییەکی لە ئێزگەی دەنگی کوردی لە بەغدا تۆمار کرد، بەهۆی نەخۆشی کۆرۆنا، کاتژمیر ١٠ی ئەمشەو ١٠ی٨ی٢٠٢٠، گیانی لەدەستدا.