ترەمپ بەپڕۆژە بڕیارێک هاوڵاتیانی ئەمریکا شۆک دەکات

11/08/2020
فۆتۆ: 

دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی دەرکردنی بڕیارێکە، کە ڕێگری دەکات لەهاوڵاتیانی ئەمریکا و ئەوانەش کە دانیشتووی ئەو وڵاتەن بگەڕێنەوە ئەمریکا، ئەگەر دەرکەوت تووشی کۆرۆنا بوون لە دەرەوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، پرۆژە بڕیارەکە بە ئامانجی فراوانکردنی بڕیاری قەدەغەکردنە، تەنانەت بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی ئەمریکا و ئەوانەش بگرێتەوە کە مۆڵەتی مانەوەیان هەیە و لە دەرەوەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە ئەمریکا.

ئەو پڕۆژە بڕیارە ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوا دەسەڵاتدارانی دەروازە سنورییەکانی ئەمریکا، دەتوانن ڕێگری بکەن لە هاوڵاتیان و نیشتەجێبوانی ئەمریکا لە هەندێک حاڵەتدا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە ئاژانسە فیدراڵییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە، لە نزیکترین دەرفەتدا ڕای خۆیان دەربارەی پڕۆژە بڕیارەکە پێشکەش بە کۆشکی سپی بکەن.

پرۆژە بڕیارەکە جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ڕێگریکردن لەو کەسانە نابێت هیچ مافێکی تیا پێشێل بکرێت کە لەدەستوردا دیاریکراوە.

تا ئێستاش لە پرۆژە بڕیارەکەدا ئەو ماوەیە دیاری نەکراوە، کە پێویستە کەسی تووشبوو بەکۆرۆنا لەدەرەوە بمێنێتەوە و دواتر ڕێگەی گەڕانەوەی پێ بدرێت.

پسپۆڕانی سەنتەرەکانی چاودیری نەخۆشی و خۆپاراستی ئەمریکا، دەربارەی پڕۆژە بڕیارەکە دەڵێن، پێویستە ئەو ڕێگریکردنە لە کاتی زۆر تایبەتدا بکرێت، هەروەها دەبێت لەبەرژەوەندی تەندروستی گشتی و بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت.

ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە بڕیارە لەکاتێکدایە، تا ئێستا لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یاسایەک نییە ڕێگری بکات لە هاتنەوەی هاوڵاتی وڵاتەکە یان ئەو کەسانەی مۆڵەتی مانەوەیان هەیە، ئەگەر هاتوو تووشی نەخۆشییەکی گوێزراوە بووبن.