پاش ١٠٢ ڕۆژ کۆرۆنا لە نیوزلەندا سەریهەڵدایەوە

11/08/2020
پاش ١٠٢ ڕۆژ چوار حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە نیوزلەندا تۆمارکران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
نیوزلەندا

دوو ڕۆژ پاش ئەوەی خەڵکی نیوزلەندا ئاهەنگی سەدەمین رۆژی بێ کۆرۆنایان گێڕا، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا رایگەیاند، چوار حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەی تۆمارکراون.

ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی٨ی٢٠٢٠، جاسیندا ئاردێرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە شاری ئاکلەند تۆمارکراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تۆمارکردنی ئەو چوار حاڵەتە، بڕیاریانداوە شاری ئاکلەند کەرەنتین بکەن و چوونەناو ئەو شارە بەهەموو شێوازێک قەدەغە کراوە، وتیشی، جگە لەو کەسانەی کە خەڵکی شارەکەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان، رێگە بە هیچ کەسێکی تر نادرێت سەردانی ئاکلەند بکات.

سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا راشیگەیاند، جگە لە دەرمانخانە و ئەو مارکێت و شوێنانەی کە خۆراک و پێداویستی سەرەکیی خەڵک دابیندەکەن، سەرجەم دوکان و شوێنە گشتییەکان لە شاری ئاکلەند دادەخرێن و هاتووچۆکردن لەو شارە سنوردار دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوو رۆژ پێش ئێستا، خەڵکی نیوزلەندا سەرکەوتنیان بەسەر کۆرۆنادا راگەیاند و ئاهەنگیان گێڕا بەبۆنەی ئەوەی کە سەد ڕۆژیان تێپەڕکردووە، بێ ئەوەی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان تۆماربکڕێت.

لە میانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە، جاسیندا ئاردێرن سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا هۆشداری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە وڵاتەکەی دا و رایگەیاند، دبێت وریا بین و لە ئەزمونی ئەو وڵاتانە کەڵک وەرگرین، کە رووبەڕووی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا بوونەتەوە.

لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، هەزار و ٥٧٣ کەس لە نیوزلەندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش تەنها ٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٣ کەسیش لەژێر چاودێری پزیشکیدا ماون، ئەوانی دیکەش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.