بڕیاری لێبڕینی موچە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا
مەسرور بارزانی پێشنیازی بڕینی 21%ی موچەی مانگی ئازاری كرد، (8) وەزیر لە تیمی یەكێتیو گۆڕان دەنگیان بە پێشنیازەكە نەدا، لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی بڕیارەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا
ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێم بۆ تاوتوێى دابەشکردنى موچە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا چەند پێشنیازێک بۆ دابەشکردنى موچەى گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی پێشنیازی بڕینی 21%ی خەرجی موچەی بۆ مانگی ئازار خستوەتە بەردەم وەزیرەكانو دواتر پێشنیازەكەی خستوەتە دەنگدان.
(8) وەزیر دەنگی بە بڕینی 21%ی موچە نەدا، ئەوانەی دەنگیان نەدا بریتیی بوون لە (3) وەزیری گۆڕان (بەبێ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە بەهۆی نەخۆشییەوە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردووە) لەگەڵ (5) وەزیری یەكێتیدا، زانیارییە هەیە لەناو وەزیرەكانی پارتیشدا ناڕەزایەتی هەبووە لەسەر لێبڕینی 21%ی موچە، لەوانە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقافو كاروباری ئاینی.
سەرباری ناڕەزایەتی گۆڕانو یەكێتی، پیشنیازی مەسرور بارزانی بۆ بڕینی 21%ی موچەی مانگی ئازار، بەزۆرینەی 50+1ی پارتیو پێكهاتەكانو لایەنە هاوپەیمانەكانی پارتی دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا.
دوای ئەوەی بڕیاری بڕینی موچە بەرێژەی 21%ی دەنگی زۆرینەی بەدەستهێناوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، داوایکردووە ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتیان پێبدرێت تاوەكو لەگەڵ حزبەكەیان تاوتوێ بابەتەكە بكەنو بڕیاری لەسەر بدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 21حوزەیرانى ئەمساڵ، ئهنجومهنی وەزیرانى ههرێم، بڕیاریدا بە لێبڕینى لە 50% موچەى پلە باڵاکان و بڕینى 21%ى موچەى فەرمانبەران، ئەو بڕیارەش بۆ موچەى مانگى شوبات کارى پێکرا، ئەمڕۆش دابەشکردنى موچەى مانگى ئازارى فەرمانبەران لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانداخراوەتە دەنگدانەوە و بڕیار دراوە بە لێنەبڕینەوە واتە موچەى تەواوەتى بدرێت.
|